کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناچارکردنی دەرمانخانەکان بە ڕەچاوکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ

11:59 - 18 بانەمەڕ 2724

ڕێکخراوی خواردن و دەرمانی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ ڕایگەیاندووە کە دەرمانخانەکان دەبێت پێڕەوی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بن و لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە یاسای حیجابی زۆرەملێ، دۆسییەی یاساییان بۆ ساز دەکرێت.

حەیدەر محەممەدی بەرپرسی ڕێکخراوی خواردن و دەرمانی ئێران لە هەڕەشەیەک ڕوو بە دەرمانخانەکان ڕایگەیاندووە کە ئەگەر دەرمانخانەیەک یاساکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە حیجابی زۆرەملێ ڕەچاو نەکات، پاش جارێک ئاگادارکردنەوە ئەگەر دووپات ببێتەوە لە ڕێگەی یاساوە بەرەوڕووی دەبنەوە و دۆسییەی دادوەرییان بۆ ساز دەکرێت و تەنانەت پشکی دەرمانخانەکە کەم دەکرێتەوە.

گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەپاندنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە ناوەندە دەرمانی و خزمەتگوزارییەکان کە خەڵک ناچارن ڕوویان لێ بکەن زیادی کردووە و ڕێژیم دەیهەوێت کە لەم ڕێگەوە ژنان و کچان ناچار بەوە بکات تاکوو بەو شێوازەی کە ئەو دەیهەوێت جلوبەرگ لەبەر بکەن.

لەم پێوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامی لە خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا ڕێسانامەی نوێی پۆششی خوێندکارانی بڵاو کردەوە و هەروەها لە گەڵاڵەی ناسراو بە "حیجاب و عفاف" کە هێشتا لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند نەکراوە باس لە ناچارکردنی ژنان و کچان بە حیجابی زۆرەملێ لە ناوەندە دەرمانییەکاندا کراوە.