کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە، ڕێژیمی ئێرانی بە بەکارهێنانی سیاسەتی بارمتەگرتنی دەوڵەتی تۆمەتبار کرد

11:16 - 19 بانەمەڕ 2724

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ، کۆماری ئیسلامیی بە کەڵکوەرگرتن لە سیاسەتی بارمتەگرتنی دەوڵەتی و بەرتیل وەرگرتنی دەوڵەتی تۆمەتبار کرد و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی ژن و مێردێکی فەرانسەوی بوو کە لە ئێران زیندانی کراون.

وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە لە بەیاننامەیەکدا وەپاڵدانی تۆمەت دژی هاووڵاتییانی فەرانسەی بە دەگمەن ناو برد و ئاماژەی بە بارمتە ئورووپاییەکانی دیکە کرد کە بە تۆمەتی درۆ لە ئێران بەند کراون و جەختی لەسەر پێویستتی ئازادکردنی دەستبەجێیان کردەوە.

سیسیل کۆهلێر و هاوسەرەکەی بەناوی ژاک پاری مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و مامۆستایان، لە تاران دەسبەسەر کران.

دوای ئەوە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیداری ئەو چالاکوانانەی لە چێشتخانەیەکدا بڵاو کردەوە و کاناڵی عەرەبی زمانی "ئەلعالەم" کە سەر بە  کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە ١٤ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو هاووڵاتییە فەرانسەوییە ڕایگەیاند کە ئەوان نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی سەفریان بۆ ئێران کردووە.

جگە لە کۆهلێر و پاری، دوو هاووڵاتیی دیکەی فەرانسە لە ئێران بەند کراون.

چالاکانی مافی مرۆڤ چەندین جار کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردووە کە ستراتێژییەکی هۆشیارانەی بارمتەگرتنی بۆ بەدەستهێنانی خاڵی ئەرێنی لە ڕۆژاوا هەیە، بەڵام دەگمەنە وڵاتێکی ڕۆژاوایی بەیاننامەیەکی فەرمی دەر بکات و ئیدانەی ئەو جۆرە کردەوانەی حکوومەتی ئێران بکات.