کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەبوونی دەرمان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ١١٠٠ نەخۆشی گیرۆدە بە تالاسمی

12:27 - 19 بانەمەڕ 2724

بەرپرسی ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران بە بۆنەی ٨ی مەی، ڕۆژی جیهانی تالاسمییەوە ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەبوونی دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییەوە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا ١١٠٠نەخۆشی تالاسمی گیانیان لەدەست داوە.

یوونس عەرەب ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بانەمەڕ بە بۆنەی ئەم ڕۆژە جیهانییەوە ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٢٣ هەزار نەخۆشی گیرۆدە بە تالاسمی لە ئێراندا بوونیان هەیە کە بە هۆی نەبوونی دەرمانە دەرەکییەکانەوە گیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

عەرەب زیادی کردووە کە لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردوودا بە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و نەبوونی دەرمانە دەرەکییەکان ڕەوتی گیانلەدەستدانی ئەم نەخۆشانە چڕتر بووەتەوە و لەو ماوەیەدا ١١٠٠ نەخۆش بە هۆی نەبوونی دەرمانەکانەوە گیانیان لەدەست داوە کە زۆرینەیان منداڵ بوونە.

بەرپرسی ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران لەم پێوەندییەدا ڕوونی کردووەتەوە کە گەمارۆکان لە سەر ئاڵوگۆڕی دراوەکان کاریگەریی داناوە و بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی هاوردەکردنی ئەم دەرمانانە بۆ نێوخۆی وڵات بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.

عەرەب سەبارەت بە کاریگەرنەبوونی دەرمانەکانی بەرهەمی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاندووە کە ٤٠ لەسەدی نەخۆشەکان ناچار بە بەکارهێنانی دەرمانی دەرەکین چونکە دەرمانە ئێرانییەکان ڕێژەی ئاسنی لەشی نەخۆشەکان ناهێننە خوارەوە و دواتریش ئاسەواری خراپ لەسەر نەخۆشەکان دادەنێن.

ناوبراو جەختی کردووەتە کە پێش گەڕانەوەی گەمارۆکان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی هەر ساڵ کەمتر لە ٤٠ نەخۆشی گیرۆدە بە تالاسمی گیانیان لەدەست داوە بەڵام پاش گەمارۆکان ئەم ڕێژەیە بۆ ٢٤٠ کەس لە هەر ساڵێکدا زیادی کردووە.

گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە هۆی سیاسەتە دژبەرانەکانی ڕێژیم لەهەمبەر وڵاتان و نەتەوەکانی جیهان و پشتیوانیکردن لە تێرۆریزم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی لەم دواییانەدا بەرنامە ناوکییەکانە کە ڕێژیم لە هەوڵدایە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.