کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڵەڕاوکێی حیزبوڵای لوبنان لەهێرشی ئەمریکا

15:12 - 1 بەفرانبار 2720

حیزبوڵڵای لوبنان: حەوتووەکانی داهاتوو مەترسیدارترین ڕۆژەکانن بۆ سەر حیزبولڵا لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا. بەرپرسێکی باڵای گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند کە ئەو چەند حەوتووەی کە لە ماوەی سەرۆککۆماری "دۆناڵد ترامپ" لە ئەمریکادا ماوە بۆ گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران مەترسیدارترین ڕۆژەکانن لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا. ئەم بەرپرسەی گرووپی حیزبولڵای لوبنان کە ناوەکەی ئاشکرا نەبووە بە رۆژنامەی "گاردیەن"ی لەندەنی ڕاگەیاندووە کە ڕێبەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانهەوێت کارێک کە دەستیان پێکردووە کۆتایی پێبهێنن و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری حیزبوڵلای لوبنان پارێزراوە و خۆی حەشارداوە. بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەی گاردیەن، ڕێبەرانی حیزبوڵلا لەوە نیگەرانن کە ترامپ، مایک پۆمپیئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە حەوتووەکانی داهاتوو کەڵک وەربگرن و پیش ئەوەیکە بە شێوەی فەرمیی جۆبایدن، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەست بە کار بێت، هێرشی سەربازیی بکەنە سەر ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان. گاردیەن لە زاری سێ سەرچاوەی حیزبوڵلای لوبنانی نووسیویە کە حیزبوڵلای لوبنان نایهەوێت کە لە ئیستادا ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە وادەربکەوێت کە پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران دەکا. هەر سێ سەرچاوەکەی حیزبوللای لوبنان دەڵێن: دەوڵەتی نوێی ئەمریکا هەوڵ دەدات کە بگەرێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و ئەمە دەبێتە هۆکار کە گەمارۆکان لە سەر ڕێژیمی ئێران کەم ببیتەوە. گاردیەن لە دڕێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێ: ڕێبەرانی ئیسرائیل لە سەر ئەو باوەڕەن کە بەرپرسانی عەرەبستانیش دوژمنی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵلای لوبنانن و نایانهەوێت تا ئەوکاتەی حیزبوڵلای لوبنان دەسەڵاتی سیاسیی لوبنانی بە دەستەوەیە ئابووری لوبنان جێگیر ببێت. شایانی باسە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە پەرەی سەندووە و هێندیک لە ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنانیش بوونەتە ئامانجی هیرشەکانی ئیسرائیل. هەربەم پێیە سەرچاوەکانی حیزبوڵڵا ڕایانگەیاندووە کە ئێستا کاتێکی مەترسیدارە و ئەگەری زۆری هەیە کە هەر کات و سات ترامپ بڕیاری هێرشکردنە سەر ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵلای لوبنان بدات.