کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری لە مەڕ پەلەقاژە تەبلیغییەکانی ئەو ماوەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی

03:55 - 14 رێبەندان 2720

جەماوەری تێکۆشەر و خۆڕاگریی کوردستان! لە ماوەی ڕابردوودا دامودەزگا ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک پروپاگەندەی تەلیڤیزیۆنی بە دژی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان بە تایبەتی ڕێکخراوە کوردییەکانی کوردستانی ئێران کردووە، کە سەرانسەر پروپاگەندەی پڕوپووچ و بێ‌بنەما و بە مەبەستی تێکدانی مێژووی پڕ لە شانازی بەرەنگاریی میللەتی کورد و شکۆی حیزبەکانی بووە. دیارە ئەم دیاردەیە بۆ جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامۆ نییە و هەمووان بە تایبەتی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان شارەزایی تەواویان لە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتگەلە هەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی مەبەستی چەواشەکارانەی هەیە و دەیانهەوێ ڕوخساری بەرحەق‌بوونی جووڵانەوەی کورد بشێوێنن. بەڵام دەبینین تا دێت ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ خەڵکی ئێران بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەردەکەوێ. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەموو هەوڵی خۆی داوە کە بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە و بۆختان و شکاندنی کەسایەتییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد، ڕواڵەتی ڕاستەقینەی خۆی بشارێتەوە و کەلێن بخاتە نێو جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئەحزابی کوردستانی ئێران؛ بەڵام لەو کارەدا نەک سەرکەوتوو نەبوو بەڵکوو بە درێژایی ئەم مێژووە هەردەم شکستی هێناوە. هەر وەک باس کرا دەزگای تەبلیغات و ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی (صداوسیما) ئەو جارەش بە نیشاندانی ئەو بەرنامە تەلیڤیزیونییە لەژێر ناوی (لبە دوم تیغ) بە قسەی خۆیان بەئامانجی ڕۆشنگەری لەسەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەتایبەتی حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری بڵاو کردەوە بۆ ئەوەی گوایە خەڵکی کوردستان لە ڕاستیی ڕووداوەکان و ناخی حیزبەکان بگەیەنن و بەخەڵکی کوردستان بڵێن ئەو حیزبانە ناتوانن جیگای ئومید و هیوا بن، بەڵام خەڵکی کوردستان لەوە وریاتر و چاوکراوەترن کە بکەونە داوی ئەو جۆرە لە پروپاگەندە لە دژی حیزبەکانی خۆیان، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو ئەو پروپاگەندانەی بە دژی ئەحزابی کوردستانی ئێران لە لایەن دام‌ودەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی کراوە، پێگەی ئەو حیزبانە لەنێو خەڵکی کوردستان‌دا هەروا بەهێز ماوەتەوە و هەموو کات لە پرسە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەکان‌دا لە پشتی حیزبەکانی خۆیان ڕاوەستاوەن.  هەموو لایەکمان بە ئاشکرا دەبینین کە جووڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەریی حیزبەکانی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردن‌دایە و کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لە کوردستان بەتەواوی نیگەران و دەستەوەستانە و لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەو نیزامە دیاردەی هەژاری، بێکاری، سەرکوت، ئەشکەنجە و ئێعدام، بێ‌ئێعتباریی سیاسی و... کە بەرهەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییە، ئەوە بەشی خەڵکی ئێران بووە. دەسەڵاتدارانێک کە بە مەبەستی گەندەڵی زیاتر و بە بەهانەی دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا درێخی واکسێنی کرۆنا لە نەتەوەکانی ئێران دەکەن، ڕێژیمێک کە بە شاردنەوەی هەموو ڕاستییەکان لەوانە نەدانی زانیاریی دروست لەسەر چۆنیەتیی بەربوونەوەی تەیارەی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی تاران و گیان لەدەست‌دانی هەموو مۆسافیران، ڕێژیمێک کە بە درۆ و شاردنەوە لەسەر ئاماری گیان‌لەدەست‌داوان و توشبووانی ویرووسی کرۆنا تەنانەت لەسەر ژیانی خەڵکیش هەر درۆ و چەواشە دەکا، ڕێژیمێک کە هەر لەسەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی تێرۆر و تێرۆریزمی کردۆتە کەرەسەی مانەوەی خۆی و شەرعییەتی پێ داوە، ناتوانێ بەم جۆرە پرۆپاگەندە نزمانە بەر چاوی خەڵک لێل بکا و بۆ مانەوەی خۆیان چارەنووس و ژیانی هەموو دانیشتووانی ئێران بکەنە قەڵغانی پاراستنی خۆیان. لە بەرەبەری بڵاوبوونەوەی ئەو دیکۆمنیتارە لە دەنگ‌وڕەنگی ئێران، دەزگاکانی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامی شاڵاویکی بەربەرینیان بۆ گرتن، ئێعدام و ڕاوودوونانی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە بەشە جۆراوجۆرەکان ئێران بە گشتی و کوردستان، بەلووچستان و ئەهواز بە تایبەتی وەڕێ‌خستوە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران گرتنی کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بڵاوبوونەوەی ئەم پروپاگەندانە لە یەک ئاراستەدا دەبینێ و خەڵکی کوردستان و ئێران وشیار دەکەینەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ داپۆشینی سات و سەودای نوێیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی دەستی داوەتە سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران بە تایبەتی خەڵکی مافخوراوی کوردستانی ئێران. بەو مەبەستە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم کردەوانەی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا ئێمە لە ئامانجی پیرۆزمان دوور ناخاتەوە، بگرە خۆشەویستی حیزبە جەماوەرییەکانی کوردستان لە دڵی خەڵکی کورد زیاتر دەکا و لە هەمان کاتیش‌دا ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئێمە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی باسمان لێ کردووە، ئەویش ئەوەیە کە تا کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی لە ئێران لە دەسەڵات‌دا بن نە ئێران ڕووی ئازادی و بەختەوەری بە خۆیەوە دەبینێ و نە ناوچەکەش ئاسوودەیی و ئارامی.   ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی