کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو

16:52 - 30 بانەمەڕ 2721

پلینۆمی ساڵانەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ (١٩/٥/٢٠٢١ـی ز) بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی، جێگر و ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێموکرات، بەرپرسانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی حیزب و کۆمەڵێک  کادر و کەسایەتیی بەئەزموون و بەڕابردووی نێو ڕیزەکانی حیزب بەڕێوە چوو. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بە ڕاگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. لە بڕگەی یەکەمی دەستووری کاری پلینۆم‌دا بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب لێکدانەوەیەکی سیاسیی لەسەر بارودۆخی کوردستان، ئێران و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکێش کرد کە ئەم لێکدانەوەیە بە هەڵسەنگاندن و ڕا و بۆچوونی بەشدارانی پلینۆم دەوڵەمەندتر کرا. لە سەرەتای ئەم لێکدانەوەیەدا باس لە کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو لەسەر ژیان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران و بەربەرەکانیی بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک و کۆماری ئیسلامی کرابوو. لێکدانەوەی پلینۆم لەو بارەیەوە ئەوە بوو کە کۆڕۆنا ئەگەرچی بە شێوەی کاتییش بووبێ لەسەر بەربڵاویی ناڕەزایەتییە گشتییەکان شوێنی داناوە، بەڵام ململانێی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بەربەرینتر کردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ بێ‌مەسئولییەتیی دامودەزگا حکوومەتی و دەوڵەتییەکان لە کۆنتڕۆڵی پەتایەکە، نابەرپرسیارەتیی ڕێژیم لە هەمبەر ژیان و گیانی خەڵک و بەکارهێنانی کۆرۆنا وەک کارتێک بۆ گەمەی سیاسی، سەرکوت و پاشەکشەپێکردن بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەگەڕێتەوە. پلینۆم لەو بەشە لە باسەکاندا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرە دژواری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک لە یەک ساڵی ڕابردوودا، بەردەوامیی گوشار و سزا نێودەوڵەتییەکان، گەندەڵیی سیستماتیک و هەوسارپچڕاوی کاربەدەستان و، مودیرییەتی چەوت و ناسەردەمیانە لە ئیدارەکردنی وڵاتی؛ بە هۆکاری ئەو بارودۆخە زانی و بەرپرسایەتیی ئەم دۆخە قەیراناوییەی خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی و بەرهەمی دنیابینی و سیاستەکانی ئەم ڕێژیمە. لێکدانەوەی پلینۆم ئەوە بوو کە ڕێژیم سەرەڕای ئەم دۆخە نالەبارە بەڵام لە نواندنی زەبروزەنگ و سەرکوتی ماف و داخوازییەکانی خەڵک، لە ئەمنیەتی‌کردنی پتری کۆمەڵگە، لە سیاسەتی هەڵاواردنەکان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، قانوونی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت لە کوردستان بەردەوام بووە، لە ئاستی گشتییش‌دا لەلایەک بە یەکدەست‌کردنی پتری بازنەی دەسەڵات لە وڵات و، لەلایەکی دیکەش بە پێدانی ئیمتیازی زۆر و زەوەندی ئابووری و سیاسی بە چین و ڕووسیە هەوڵی مانەوەی پتری خۆی لە دەسەڵاتدا دەدا. پلینۆم لە لێکدانەوەکەی خۆیدا نەبوونی یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و بەربڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی بە هۆکاری تەڕاتێنەکانی کۆماری ئیسلامی دانا و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پێویستە هەوڵ و تێکۆشانەکان بەرەو ئەو ئاقارە بڕوا کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە عەقڵییەتی ڕێککەوتن و سازان بەرەو بوون بە ئاڵترناتیڤی جێی متمانە بۆ  لادانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو بنێ. پرسی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و شوڕای شاروگوندەکان لە ئێران کە لە کۆتایی مانگی جۆزەرداندا بەڕێوە دەچێ، باسێکی دیکەی دەستووری کاری پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی بوو. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی پاش لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو مژارە ڕای وابوو کە کۆماری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شەرعییەتەکەی لە دەنگ و ئیرادەی خەڵک وەرناگرێ، بەڵکوو گەمەی هەڵبژاردن وەک کارتێک چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکیدا بۆ ڕواڵەت‌سازی و بەهێزکردنی خۆی بەکار دێنێ. وەک چۆن ئاستی  بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی مەجلیس لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوو، کەچی ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەکردە سەر سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ماف و داوا و چاوەڕوانییەکانی خەڵک و ئەرک و بەرپرسیارەتیی مەجلیس و دەسەڵات لەو پێوەندییەدا. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە کۆبەندی ئەو باسەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان باوەڕی قووڵی بە دێموکراسی و هەڵبژاردن هەیە و ئارەزوو دەکا لە ئێرانیشدا هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوە چووبا. بەڵام لەگەڵ ئەوەی حیزبی دێموکرات پێشووتر و لە هەمبەر هەر هەڵبژاردنێکدا خوێندنەوە و هەڵوێستی گونجاو و تایبەت بەخۆی بووە، ڕای وایە هەڵبژاردنەکانی جۆزەردان هیچ دەرفەتێکی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە و هیچ  ڕۆچنەیەکی هەڵبژاردنێکی ئازادی تێدا بەدی ناکرێ، بۆیە ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەلبژاردنانە بایکۆت دەکا. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی لە بەشێکی دیکەی باسەکانیدا ئاستی بەرزی شعووری نەتەوەیی و تێکۆشانی سیاسی و جموجۆڵە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند. پلینۆم بە سەرنجدان بە فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە سەرخستنی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد لەو بەشەی نیشتمان پێویستیی پتری بە یەکڕیزی و هاوپێوەندیی بەکردەوە هەیە و ئەوەش ئەرک و بەرپرسیارەتیی زیاتر دەخاتە سەرشانی هەموو حیزب و هێزە سیاسییەکان و تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە. هەر لەم بەشەدا پلینۆم وێڕای بەرزنرخاندنی کار و کارنامەی تا ئێستای ناوەندی هاوکاری، پێی لەسەر پێویستیی لێک‌نیزیکی و ئاوێتەبوونی زیاتری زەرفییەتە خەباتگێرییەکانی نێوخۆی کوردستان و ئێران داگرت.  پرسی ئێران لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان مژارێکی دیکەی دەستووری کاری پلینۆم بوو. لەو بەشەدا پلینۆم بە لێکدانەوە و تاوتوێی دوا گۆڕانکارییەکان لە ئاستی ناوچە و جیهاندا ڕای وابوو کە نیگەرانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لەجێی خۆی‌دایە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرنامەی ئەتومی و پڕۆژە مووشەکییەکانی هەم بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە پێناو مەزنیخوازییەکانیدا بەکار دێنێ و هەم سازن لەسەر ئەوانە وەک کارتێک بۆوەی ڕای گشتیی دنیا نەپڕژێتە سەر کێشە نێوخۆییەکانی ئەم وڵاتە. هاوکات ئێران هەوڵ دەدا کێشەی و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیە بەرفراوان ببێ و  ئەم کەلێن و کەلەبەرانە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بقۆزێتەوە. پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی دوای تەتەڵەی وردی ئەم باسە بەداخبوونی خۆی لەوە ڕاگەیاند کە ئازادی و پرس و داواکانی خەڵکی ئێران و دێموکراسی و داهاتووی ئێران لە هاوکێشەکانی نێوان ئەم وڵاتە و کۆمەڵگەی جیهانیدا دیار و بەرچاو نییە. بەڵام ئەوە ڕاستییەکە هەتا کێشەی کورد و گەلانی دیکە و مافە ڕەواکانیان لە ئێراندا چارەسەر نەبن، ئەم وڵاتە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێ، هەروەها کۆمەڵگەی جیهانییش نابێ ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو ون بێ کە نەرمی‌نواندن بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی ناوچەکە بەرەو نائارامی و ناسەقامگیریی زیاتر دەبا. بابەتی وتووێژەکانی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات باسێکی سیاسیی دیکەی دەستووری کاری پلینۆم بوو. پلینۆم دوای بیستنی ڕاپۆرتی بەرپرسی هەیئەتی دانوستانی حیزب و تەتەڵەی بابەتەکانی پێوەندیدار بەو باسە، بە ئاماژە بەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دەست‌پێشخەری یەکبوون بووە و لە هەمان کات‌دا بە بەردەوامی بە هەست و بە  مەسئولییەت و جیدییەتەوە کاری بۆ یەکگرتنەوە کردووە؛ دەفتەری سیاسیی ڕاسپارد لە بەدواداچوونی ئەم کارە بەردەوام بن. پلینۆم لە بەشێکی دیکەی دەستووری کاری خۆیدا ڕاپۆرت و تێکۆشانی ئۆڕگانەکانی حیزبی دێموکراتی هەڵسەنگاند  و بە خستنە بەر باسی چەند باسێکی دەروون‌تەشکیلاتی و گەڵاڵەکردنی کۆمەڵە ڕاسپاردەیەک بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئۆڕگانیزمی حیزبی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.