کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پوورە فاتم و کەزیەی چەرمگ و پەنجەی کاڵی

18:32 - 31 گەلاوێژ 2722

ژینگە ئیلهام بەخشی هەست و هزری مرۆڤە. هەرچەند ڕەنگە لە مەودای زەمان و بارودۆخ، گۆڕانی بەسەردا بێ و ڕوو لەکزی بکا، بەڵام لەو بەستێن و ژینگەیە وا گڕ و سۆزی خۆشەیستی بنەمای گوورانی ئەوینی نیشتمانە، وەک ژیلەمۆ بە شنەیەک سەر لەنوێ گیانی بەبەردا دێتەوە و دەبووژێتەوە. سی‌وسێ ساڵ تەمەنێکی چەند بەلەز بوون و هات و چوون. هەمووان دەیانزانی چەند هۆگری بنەماڵەکەیەتی. لە بەیانی هەتا تاریک‌وڕوونی ئێوارێ بەگوێگرتن لە موسیقا وگێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانی ڕادەبردن و لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەدا بوو. ڕەنگی پەنجەکانی کەم وابوو کاڵ ببنەوە کە دیسان لەخەنەی دەگرتنەوە. کەزیە و بسکەکانی لاجانگی هەمیشە بۆنی گوڵ و ڕێحانەیان لێ دەهات. زۆر جار بەدەم هەڵدانەوەی لاپەڕەی بیروەرییەکان یادی ڕۆژانی ڕابردووی و دەستەخوشکەکانی و سەردەمی سەربەستی و دەنگی سروود و ڕێچکەی پێشمەرگەی داوێنی شاخەکان بۆ نێودێ لە زەینیدا دەڕوانەوە. لەگەڵ پۆلە کیژانی دەستەخوشکی کەزیەشۆڕ و بەژن‌شۆر، هەمیشە هیوایەتی سەیری خۆری ئاسۆ و بەرزاییەکان و توولەڕێی داوێنی شاخەکان بوو. ئەوکاتانەی پۆل پۆل شۆرەلاوانی بەرەو ئاوەدانی دێناوە. جامانە بۆ ئەو هەم بەرماڵ بوو، هەم کۆڵوانە. ڕەمز بوو، یادگاری و سیمای لاوێکی بەهەیبەتی زەنگاڵ لەپێ، قەنناس لەشان کە بە دووربینەکەی لە دوورڕا دۆست و نەیاری لێ دیار بوو، ئای ڕۆژگاری بێوەفا. ئەو ڕۆژە درەنگتر لە ڕۆژانی ڕابردوو سەری لە کۆڵان هەڵێنا. پێی سەیر بوو چۆنە ئەوڕۆ نەنەزێنەب و ئامینەشووشەی دەستەخوشکی هەواڵیان نییە هەتا پێکەوە پشوویەک بدەن و شەن‌وکەوی بیرەوەرییەکانیان بکەن، بەشکم ئەوندە بێ‌تاقەت و وەڕەز نەبن و هێندێک خەمی دڵیان لادەن و سووک‌بارتر ببن. ئاخر ژن بێتوو بەردەوام لە ماڵەوە بێ ماڵی لێ دەبێتە قەفەز و نۆستاڵێژی و ڕابردووی دەبنە بەشێک لە باس و پرسیارەکانی ڕۆژانەیان. بۆیە ژن دەبێ هەمیشە لە مەیدان بێ، یا لانیکەم لە ماڵەوە جڵەوی هەموو شتێکی لەدەستدا بێت بۆ ئەوەی هەستی سەربەستیی لێ زەوت نەبێ. دەمەوعەسرە. بڕیاری دا سەرێک لە هاوسێکانی هەڵێنێ. جامانەکەی بەسەردا دا. کوڕەکەی لە ئامێز گرت و پێی نایە کۆڵان. هەستی بە بێدەنگییەکی نائاسایی کرد، سەیرێکی کۆڵانەکەی کرد، ژنەکان لە دەووری یەک کۆزیلکەیان داوە. وادیارە لە مێژە چاوەڕێی دەکەن، بەڵام هیچیان دڵیان نەدەهات بابەتەکەی لەلا بدرکێنن. هیچی لێ ڕوون نەبوو. لێیان نزیک بۆوە و سڵاوی کرد. وەڵامیان داوە. نەنە زێنەب و پوورە مەحبووب و ئامینەشووشەی دەستەخوشکی کە چاویان پێکەوت بێدەنگ بوون. ڕووی خۆیان لێ وەرسووراند هەتا چاوەکانیان هیچ نەدرکێنێ. کوڕەکەی هەر لە ئامێز دابوو، دادە خەدیج بە ئاماژەی چاو جێی نیشان دا هەتا دانیشێ. گوتی چی ڕووی داوە؟ داڵغەتان لەچی داوە وا بێدەنگن؟ ژنەکان هەستانە سەر پێ. تەمی خەم لە ڕووخساری هەمووان نیشتبوو، ڕەنگیان هەڵبزرکابوو، سارد و بێدەنگ. دادە خەجیج چاوێکی لە نیگا پڕ لە پرسیارەکانی کرد. زەینی دایە کەزیە و پەنجە ڕەنگ خورماییەکانی. دەستی بەسەر کوڕەکەیدا هێنا، بەڵام له ناخەوە دەکوڵی. گریانێکی خەست ئەوکی گرتبوو. کوتی فاتمۆکێ هیچ دەزانی تازە کەزیە و پەنجەکانت ڕەنگی خەنە لەخۆ ناگرن و بەردەوام کاڵ دەبنەوە؟ ئیدی بۆنی گوڵ و ڕیحانە ومێخەک واز لە بەرۆک و کۆڵوانەت دێنن؟ فاتمۆکێ لەوڕۆ بەدوا کیژانی کورد جامانە دەکەن بە کۆڵوانە و لەچکەی سەریان... پوورە مەحبووب وەک هەمیشە ئەو شێعری گوت: "تۆ وەکوو سروەی بەیانانی بەهاری تۆ لە لەشما گیانی سووکی نادیاری بۆ شەوی خۆشی و نەخۆشیم یادگاری ڕەمزی ئینتزاری"   فاتم سەری سووڕمابوو. ڕاچەنی. گوتی بۆ وا دەکەن؟ بۆ بە نیگا و ئاماژەی چاوەکانتان شێتم دەکەن، چی ڕووی داوە و بۆ بێدەنگن؟ دەپێم بڵێن؟ نەنە زێنەب گوتی بڵێی خۆ لەبەر هەواڵی ئەم کۆستە بگری کچەکەم؟ ڕوح دەردەبەی؟ ئاخر هەموومان شارەزای هەستی تۆ هەین. بێدەنگی باڵی بەسەر کێشابوون. ئەسرین لە چاوەکانیاندا شەپۆلی دەدا، لێوەکانیان دەلەرزین. پوورە مەحبووب ئاخێکی هەڵکێشا و بە دڵپڕییەوە گوتی هەواڵی کۆستێکی گەورەتر لە پیری داسنیان و مەرگی لاس و فەرهادە. هەتیو کەوتین. چارەنووسمان گۆڕا. ڕێی هەورازمان لێ هەورازتر دوور کەوتەوە. دیسان کۆچی سوورە چەمەرایە. فاتم گوتی ناوا مەڵێن، تۆخوا با هەر قاسملوو نەبێ. هەرکەسی دی دەبێ لەم دونیایە دەستبەرداری بۆنی گوڵ و ڕێحانە و مۆسیقا نابم، ناهێڵم پەنجەکانم کاڵ ببنەوە. هەموو لە بانگیان دا. فاتم لەوە زیاتر خۆی لەسەرپێ ڕانەگرت. ئەژنۆکانی کەوتە لەرزین ونوشتانەوە. کورەکەی لە ئامێز کەوتە زەوی. مخابن دیسان خەیانەت، خوێن هەر خوێن. مێژوو ئەوەی سەلماندوە. ژنەکان کوڕەکەیان لەسەر زەوی هەڵگرتەوە. خوینی سەروچاویان شووشتەوە. بەڵام لەو ساڵەوە، لەو پووشپەڕە شوومەوە ئاهێکی وەک گڕکان لە ناخیدا هەر دایسێ. هەتا دێ کەزیەکانی بەفریان لێ دەبارێ و پەنجەکانی کاڵ و کاڵتر دەبنەوە، بەڵام ئەوەی لەبیر ناچی و خامۆش نابێ کە گڕی تۆڵە، چێژی سەربەستی و توولەڕێی گردەکەی ئاوایی و کاروانی پێشمەرگە و سروود وجامانە و وتەکانی قاسملووە، کە دەیفەرموو گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا... خەبات بەبێ بەخت‌کردنی ڕۆڵە بەنرخەکانی سەر ناکەوێ... .