کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"FATF" مۆڵەتێکی ٤ مانگەی بۆ بەڕێوەبردنی "پالێرمۆ" بە ئێران دا

11:25 - 27 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: گرووپی تایبەتی ماڵی، ناسراو بە "FATF"، مۆڵەتی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی لایەحەکانی "پالێرمۆ"، ٤ مانگ نوێ کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ئەگەری بەڕێوەنەبردنی ئەو لایەحانە، کردەوەی بەرانبەر ئەنجام دەدات.

گرووپی تایبەتی ماڵی، ڕۆژی هەینی، ٢٦ی ڕەزبەر، لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا مۆڵەتی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی لایەحەکانی "پالێرمۆ"، سەبارەت بە  پەسەندکردنی "سپی کردنەوەی پارە و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم"، ٤ مانگ نوێ کردەوە.

ئەو گرووپە ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری پەسەندنەکردن و بەڕێوەنەبردنی ئەو لایەحانە، "کردەوەی بەرانبەر و بەربڵاو" ئەنجام دەدات.

ئەمە شەشەمین جارە کە FATF مۆڵەتی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی پالێرمۆ نوێ دەکاتەوە و داوای لە ئەندامەکانی کردووە کە تا ئەو کاتە، لە مامەڵەکانیاندا لەگەڵ ئەو شیرکەتانەی لە ئێراندان، چاوەدێریی جیددیتر ئەنجام بدات.

دژبەرەکانی ئەو لایەحەیە لە ئێراندا پێیان وایە کە بە پەسەندکردنی پالێرمۆ، دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا سەخت دەبێتەوە و ڕێگای گەیاندنی یارمەتی بە گرووپگەلێک وەک "حەماس" و "حیزبوڵڵای لوبنان" دەبەسترێت.

FATF ناوەندێکە بۆ چاوەدێری بە سەر جێبەجێبوونی پارەدا کە بە ئامانجی بەرگری لە تاوانە ماڵییە جیهانییەکان و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم کار دەکات.