کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK: رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ ئازاد بکەن

14:42 - 22 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا بەخەم بوونی خۆی بە نیسبەت دریژەی رەوتی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەئیراندا دەربڕیوە.

ئەو رێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا خوازیاری دەستبەجێ ئازادکردنی هەموو رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ بووە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە ، وەک خۆی لە خوارەوە بڵاو دەکرێتەوە:

لە درێژەی ڕەوتی مێژینەی زەوتکردنی مافەکان لەئێراندا، دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی چالاکانی مەدەنی، مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان درێژەی هەیە.لەو ڕاستایەدا و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین کەس لە میدیاکاران وەکوو حەسەن شەیخ ئاقایی لە کوردستان ، عیسا سەحەر خیز، ئیحسان مازەندەرانی و چەندین کەسی دیکە دەستبەسەر کراون.

هاوکات، رۆژنامەنووسانی کورد وەکوو عەدنان حەسەنپوور لە دە ساڵ پێشەوە و خوسرۆ و مەسعوود کوردپوور نزیک بە سێ ساڵە دەستبەسەر و لە مافەکان و ئازادییەکانیان بێ بەش کراون. هاوتەریب لەگەڵ بەرڵهەستبوونەوەی چالاکانی رۆژنامەنووسان، چالاکانی مافی مرۆڤیش لە زیندان ، دەستبەسەرکردن و ئازار و ئەزیەت بێ بەش نەبوون، بەچەشنێک کە بەشیک لە چالاکانی بەناوبانگی مافی مرۆڤ وەکوو خاتوو نەرگس موحەممەدی، بەهارە هیدایەت و بەڕێزان عەبدولفەتاح سولتانی، محەممەد سدیق کەبوودوەند، محەممەد سەیفزادە و چالاکی کۆمەڵایەتی سەعد مەدەنی و بەشێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەلایەتی لە چەند ساڵ پێشەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون کە دۆخی تەندروستی و یان نەخۆشی ئەوان لە بەرەبەرەی سنووری مەترسیدایە. هەر لەو پەیوەندییەدا، خاتوو نەرگس موحەممەدی بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستی پێویستی خێرای بە چاوەدێری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان هەیە و بەڕێز کەبوودوەندیش بەهۆی راگیرانی زیاتر لە یەک دەیە لە زیندان تووشی چەندین نەخۆشی سەخت بووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی بەپەرۆشی خۆی بەنیسبەت بەردەوامی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێراندا، وێڕای داوای راگرتنی رەوتی دەستبەسەکردن و بەرهەڵستکاربوونەوەی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ ، خوازیاری کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی ئاشکری ئازادی رادەربڕین ، چاپەمەنی و مافی مرۆڤ، دەستبەجێ ئازادکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤی وەکوو عەدنان حەسەن پوور، خوسرۆ کوردپوور، مەسعوود کوردپوور، عیسا سەحەرخیز، ئیحسان مازەندەرانی ، نەرگێس موحەممەدی، بەهارە هیدایەت، عەبدولفەتاح سولتانی، محەممەد سەیفزادە، سەعید مەدەنی و محممەد سەدیق کەبوودوەند دەکات.

تاران: ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ / ١٠ی دێسامبری ٢٠١٥
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان