کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK سەرکوت و سیاسەتە شەڕهەڵگرسێنەکانی حکوومەتی تورکیەی شەرمەزار کرد

20:49 - 1 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەرکوت و کوشتوبڕی حکوومەتی تورکیەی بەرانبەر بە خەڵک، بە دەستدرێژی بۆ سەر بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەو وڵاتەوە لەقەڵەم دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: لەباکوور واتە کوردستانی تورکیە و لانیکەم لە ٢٤ پارێزگادا، ئەو شوێنەی کە هێشتا ٢٢ میلیۆن کورد لێی نیشتەجێن و لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە حاشایان لێ دەکرێت، بەداخەوە لە ئێستادا شەڕێکی نادادپەروەرانە و نایەکسان لەئارادایە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: حکوومەتی تورکیە بە هێنانی هێز و ڕەوانە کردنی ١٠ هەزار هێزی پڕچەک بە چەکی پێشکەوتوو و تانک و کۆپتەر بۆ کوردستان، لە جەرگەی ئاژاوەنانەوەکانی شەڕکەرانی داعش و ئەلنوسرە و هاوپەیمانەکانیان لە وڵاتانی عیراق و سووریە و ڕاست لەکاتێکدا کە خەڵکی جیهان چاویان بڕیوەتە کوشتوبڕ و هەڵسوکەوتە هۆڤانەکانی داعش، هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی کورد و لە باکوور شەڕی هەڵگیرساندووە. حکوومەتی تورکیە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەرکردنی ئەندامانی پە کە کە لە شارەکان و ناوەندە خۆسەرەکانی هاووڵاتیانی خۆجێیی لە شاری دیاربەکر، ماردین، شێرناخ، بۆتان، سیوور، جەزیرە و نسیبەین هێرشی نیزامیی خۆی دەست‏پێکردووە.

لە بەشیکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ لەو هێرشانەدا هەتا ئێستا دەیان کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنی کوژراون و ڕێژەیەکی زۆریش بریندار بوون و یان دەستبەسەر کراون. هاوکات لەگەڵ هێرشی هێزە نیزامییەکان بۆ کوردستان و ڕاگەیاندنی حاڵەتی نائاسایی و حکوومەت نیزامی، لە هێندیک لە ناوچەکان توندوتیژی، تیرۆر، قەتڵی سیاسی و هەڕەشە لە ڕێبەرانی حیزب و دامەزراوە مەدەنییە ناوچەییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی جیهان و هەموو کوردانی جیهان دەکات کە بە نیسبەت سەرکوتی ڕەگەزپەرستانەی حکوومەتی تورکیە بێدەنگ نەبن و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و دەربڕینی ناڕەزایەتیی مەدەنیی بەکۆمەڵ لە سەر شەقام و هەوڵی دیکەی لەم چەشنە و لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە، سیاسەت و هەڵسوکەوتی سەرکوتکارانە و شەرەنگێزانەی حکوومەتی تورکیە لەقاو بدەن و شەرمەزاری بکەن و داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ لە باکوور و تیرۆریست پەروەریی ئەو حکوومەتە لە ناوچەکەدا بکەن.