کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاتەشگایەک لە گێڵان دۆزرایەوە

12:05 - 13 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەڕێوبەریی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان، دۆزینەوەی ئاتەشگایەکی سەردەمی مادەکانی لە شاری "گێڵانـ"دا ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی بڵاو کراوە لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، "ئومید قادری"، بەرپرسی گشتیی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای کرماشان باسی لە دۆزینەوەی ئاتەشگایەکی کۆن لە شاری گێڵان کردبوو کە گوایە کەڵکی سەرەکیی ئەو بینایە ئاتەشگا بووە و مێژینەکەی بۆ دەورانی مادەکان دەگەڕێتەوە.

هەروەها ناوبراو باسی لەوە کردبوو کە پاش هاتنی ئایینی ئیسلام، ئەو ئاتەشگایە کەڵکی دیکەی وەک: "کوورەی تواندنەوەی ئاسن" و "پەرستگە" بووە.

ئەو بینایە دەکەوێتە ٨٠٠ میتریی باکووری شاری گێڵانەوە، بەرەو گوندی "خاڵۆ خاڵۆ"، کە پێک دێت لە چوارتاقییەک و ڕێڕەو و هەیوانگەلێکی گرێدراو پێوە، کە لە گەچی نیوە سووتاو و بەرد، دروست کراوە.