کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٨٠٠ ئاخوند لە وەزارەتی نەوتدا کار دەکەن!

11:20 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزە لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لە بوونی ١٨٠٠ ئاخوند کرد کە لە وەزارتی نەوتی ڕێژیمدا کار دەکەن و چالاکییان هەیە!

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی بەفرانبار، فەرەیدوون حەسەنوەند سەرۆکی کۆمیسیۆنی وزە لە مەجلیسی رێژیم بە هەواڵدەرییەکانی وتووە: ١٨٠٠ ئاخوند لە وەزارەتی نەوتدا دامەزراون و کار دەکەن کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم کەسانە بە کردەیی کردنی بڕیارێکی خامنەیی بووە.

عەلی خامنەیی ماوەیەک پێش ئێستە بریاری دابوو کە "نیزام" پێویستی بە "پەیوەستی فەرهەنگی" بۆ پڕۆژەکان هەیە.

دانی هەلی کار بە ئاخوندەکان ئەویش لە وەزارەتخانەیەکی وەک نەوت کە ڕوونە مووچەی مانگانەیان چەندین میلیۆن تمەنە، لە کاتێکدایە کە هەزاران لاوی بژاردە و خوێندەوار، بەتایبەت لە بوارەکانی ئەندازیاری نەوت و گاز و پێترۆشیمی هەنووکە بێکارن و ناچارن بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان سەرقاڵی دەسفرۆشی، کۆڵبەری، سپووری و کاری لەو چەشنە بن.

ئاخوندەکانی رێژیم جیا لە پاوان کردنی دەسەڵات و هێز لە ئێران، بودجەی کەڵانیان لەژێر ناوی سواوی وەک حەوزە و نیهادە فەرهەنگییەکان لە چنگی خۆیاندا پاوان کردووە و لەژێر ناوی پەرەدان بە ئیسلام، سامان و دارایی گەلانی ستەملێکراوی ئێرانیان تاڵان کردووە.