کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئادریان دەریای ١ و کاپیتانەکەی تەحریم کران

13:21 - 9 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بە شێوەی فەرمی گەمارۆی سەر نەوتکێشی "ئادریان دەریای ١" و کاپیتانی هیندیی ئەو نەوتکێشەی ڕاگەیاند.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ٨ی خەرمانان، بە فەرمی ڕایگەیاند کە نەوتکێشی "ئادریان دەریای ١" و "ئاخیلش کۆمار"، کاپیتانی هیندیی ئەو نەوتکێشەی کە ماوەی چەند حەوتوو لە "جەبەل تاریق" ڕاگیرابوو، تەحریم کردووە.

بەپێی ئەو بەیانییەیە، "ئاخلیش کۆمار"، کاپیتانی هیندی، کە نەوتکێشی "ئادریان دەریای ١"ی لە "جەبەل تاریقـ"ـەوە وەڕێ خستبوو، بە تۆمەتی "هەوڵدان بە نوێنەرایەتی لە سپای قودس"، لقی دەرەوەی سنوورەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئێستا تەحریمی لەسەرە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەواوی ئەو کەسانەی کە لەو کەشتییەدا کار بکەن، لەگەڵ هەڕەشەی گەمارۆ و بەرگری لە چوونیان بۆ ئامریکا بەرەوڕوو دەبنەوە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە بەیانییەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڕەشەکەی خۆی بە کردەوەیی کردووە.

نەوتکێشی "ئادریان دەریای ١" کە پێشتر بە ناوی " گریس ١" بە زیاتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە لە "جەبەل تاریقـ"دا ڕاگیرابوو، لە کاتی ئازاد کردنیەوە لە ١٨ی ئاگوستەوە، لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاستدا دەسووڕێتەوە کە تا ئێستا بە مەبەستی دۆزینەوەی کەناراوێک بۆ لەنگەرگرتن چەند جار ڕێڕەوی گۆڕیوە.