کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاردی نانەواییەکان لە شنۆ، خاوێن نییە

12:25 - 27 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: خاوێن نەبوونی ئاردێک کە لە نانەواییەکانی شاری شنۆدا بەکار دەهێنرێت، زیانێکی ماڵیی زۆری بۆ خاوەنی نانەواییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی ئەم توێژەی بەدواوە بووە.

یەکێک لە نانەواکانی شاری شنۆ بە گرتن و بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، لەهەمبەر خاوێن نەبوونی ئاردێک کە بۆ دروستکردنی نان ڕادەستیان دەکرێت، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.

ئەوەی کە لەم گرتە ڤیدیۆیەدا دەبینرێت، خاوێن نەبوونی ئەو ئاردەیە کە لە شاری نەغەدەوە، بۆ نانەواییەکانی شاری شنۆ نێردراوە.

بە وتەی ئەم نانەوایە، لە هەر ٤٠ کیلۆ ئاردێک کە بە دەستیان دەگات، ٥ کیلۆی، کا و پووش و پەڵاشی دیکەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا، هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە نزیک بە ٧٠٠ هەزار تۆن لە پاشماوەکانی ئاژەڵان تێکەڵ بە بەرهەمی گەنم کراوە و دواتریش کراوە بە ئارد کە ئەمە لە بواری تەندروستییەوە دەتوانێت کێشەیەکی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت.

زۆربوونەوەی کێشەی ئابووری لە لایەک و چاوەدێرینەکردنی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم بە سەر هەندێک کەرتی تایبەتدا لە لایەکی دیکەوە، بووەتە هۆی دەستئاوەڵابوونی کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە بە هەر شێوازێک بۆیان بکرێت، بۆ قازانجی تاکەکەسیی خۆیان هەوڵ دەدەن.