کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارەش ساڵح: بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕەوایی نێونەتەوەیی بە شەڕی هێزی پێشمەرگە دەبەخشێت

18:40 - 22 خاکەلێوه 2719

ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بڕیارێکدا ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند؛ "ئارەش ساڵح" نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا وڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە کاریگەرییەکانی لەسەر خەباتی کورد چی دەبێت:

وتووێژ: جەماڵ ڕسووڵ دنخه

ئامانجی ئامریکا لە بە تێرۆریست ناساندنی سپا چییە؟

بە باوەڕی من ئامانجی ئامریکا هەر بەو شیوەیە کە ئامریکاییەکان خۆشیان چەند جار باسیان لێوە کردووە گوشارخستە سەر سپا و ئێرانە. کاتێک سپا دەکەوێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ئەو ڕێکخراوەیە ئێتر دەکەوێتە ژێر یاسای تێرۆریزمی ئامریکا. واتە نە تەنیا هەموو ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە وەک تاکی تێرۆریست دێنە بەرچاو بەڵکوو هەرجۆرە هاوکاری کردن، مامەڵە کردن و یان کار لەگەڵ کردنێک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەوێتە خانەی یارمەتی دان و هاوکاری کردنی تیرۆریزمەوە. بۆ وێنە ئەگەر بازارگانێکی عێراقی لەگەڵ کۆمپانیایێک مامەڵە بکات کە ئەو کۆمپانیایە نزیک پێوەندیێکی شاراوەسی لەگەڵ سپا هەبێت ئەوا ە چاو ئامریکاوە ئەو بازرگانە یارمەتی یترۆریسمی داوە. بۆیە لە دوای ئەم بابەتەوە،  مامەڵە کردن، کارکردن بۆ و کارکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوە و کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ ئێران یان سپا پێوەندیان هەیە دەکەوێتە ژێر یاسای تێرۆرەوە بۆیە زۆر دژوارتر دەبێتەوە. لە ئێستا بە دواوە، بە تایبەت لەبەر ئەوەی کە ئێران هێشتا یاساکانی پالێمۆی پەسەند نەکردووە، جیاکردنەوەی سپا لە بەشەکانی کەرتی تایبەت واتە بەخشی خوسوسی و بەشەکانی تر زۆر دژوار دەبێت هەر بۆیە کۆماپنی و رێکخراوە بیانیەکان هەوڵ دەدەن نە لە دەرەوە و نە لە ناو ئێران و نە لە چوارچێوەی یاسای تەحریمەکانیش هیچ مامەڵەیێکیان لەگەڵ ئێران و رێکخراوەیێکی ئێرانی نەبێت. ئەمە دەبێتە ئەوەی کە سپا بۆ هەبوونی خۆی لە ناوچەکە تووشی کێشە ببێتەوە و بکەوێتە ژێر گوشاری جیدیەوە بۆیە بە باوەڕی من ئەم کارەی ئامریکا دەکەوێتە خانە گوشاری لانیزۆریەوە.

چ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی کورد دەبێت؟

ئەم کارە بە دوو شیوە زۆر کاریگەری ئەرێنی لەسەر خەباتی کورد دەبێت. یەکەم ئەوەی کە ڕەوایی نێونەتەوەیی دەبەخشێت بە شەڕی هێزی پێشمەرگە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێکخراوەی تیرۆریستی سپا. لە دوای ئەم کردەوە، شەڕی هێزی پێشمەرگە رەهەندێکی نێونەتەوەیی پەیدا دەکات ئەویش چوونە ناو باسی شەڕی دژە تیرۆرە. دەزانن کە تێرۆر بە گشتی و تێرۆریزمی ئیسلامی بە تایبەتی یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی دنیای ئەمڕۆیە. بۆیە شەڕی دژی تێرۆر بۆ دنیا خاوەنی گرینگیەکی تایبەتی هەیە. شەڕی هێزی پێشمەرگە لەبەر ئەوەی بۆ ئازادی و ڕزگاریی گەلی کورد بووە؛ بۆیە بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران خاوەنی گرینگی تایبەت بووە. بەڵام ئەم شەڕە، لەبەر ئەوە ئازادی گەلی کورد ئەولەویەتێکی جیهانی نیە بۆیە ڕەهەندەکانی تەنیا گرێدراوی کوردستان بوونە. بەڵام ئێستا کە سپا دەچێتە خانەی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان، ئەو شەڕەش وردە وردە دەچێتە خانەی بابەتی خاوەن ئەولەویەتی جیهانی و ڕەهەندێکی نێونەتەوەیی پێ دەدرێت. هەڵبەت کاریگەریەکانی ئەم بابەتە لە کورتخایەندا دەر ناکەون و ماوەیەکی دەوێت کە ئەم کاریگەریانە دەربکەون چوونکە هێشتا نە ئامریکا و نە ئێران نایانەوێ ئەم بابەتە بچێتە رووبەڕووبوونەوێێکی جیدیەوە بۆیە دەیانەوێ هێدی هێدی بڕۆنە پێش. واتە ئێران لە قووڵتر بوونی گۆمەکە دەترسێت و ئامریکاش دەیەوێ بە ئارامی و هێدی هێدی تەنگ بە سپا و کۆماری ئیسلامی هەڵبچنێت بۆ ئەوەی تێچووی کارەکەی کەم ببێتەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە خۆی دوور نەکاتەوە.

لەلایێکی ترەوە ئەم بە تێرۆریست ناساندنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی سپا بۆ ماجەراجوویی لە ناوچەکە دا و لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر ببێتەوە. سپا ئیتر وەکوو جاران ناتوانێت وەکوو یەکەیێکی دەوڵەتی رەوایی ئەوەی بێت کە هەرکارێک کە دەیەوێت بیکات بەڵکوو بە پێچەوانە هەر کردەوەیێکی سپا وەکوو کردەوەیێکی تیرۆریستی دێتە ژمار و تێجووی بۆ سپا دەبێت. هەروەها لە درێژخایەن دا کە گووشارە ئابووریەکانی سەر سپا زیاتر دەبن تێچووی ئیدارە کردنی شەڕ بۆ سپا لە کوردستان زۆر دەبێت. لەلایەکی ترەوە جاشەکان و ئەو کەسانەی کە لە کوردستان هاوکاری سپا دەکەن دبێ بزانن کە بەردەوام بوونیان لەم کارە زۆر تێچووەکەی ب خۆیان و بۆ بنەماڵەکانیان و ئەوانەی کە خۆشیان دەوێن زۆر دەبێت. بۆیە ئەو جاشانەی کە هێشتا تۆزێک دەتوانن حەسابی عەقڵانی بکەن لە جاشایاتەی دەست دەکیشنەوە کە ئەمە بۆ بزووتنەوەی کوردستان و هیزی پێشمەرگە زۆر باش دەبێت.

ئایا ئەگەری ڕوودانی شەڕ هەیە؟

بە باوەڕی من ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی گەورە لە ئێستا دا زۆر کەمە. ئامریکا دەیەوێت ئێران بەرەو لێواری داڕمان لە هەموو بوارەکاندا ببات بەڵام نە بەرنامەیێکی بۆ گۆڕینی ڕێژێم هەیە و نەش دەیەوێ کە تێکەڵ بە شەڕێکی تەواو عەیار بێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئێرانیەکانیش زۆر لەوە دەترسن کە تێکەڵ بە شەڕ لەگەڵ ئامریکا ببن. بۆیە لە ڕاستیدا لەهەر دوولاوە ئیشتیای تێکەڵ بوون بە شەڕ زۆر لە خوارە. بەڵام ئەوەی کە ئەگەری زۆرە هەندێک پێکدادانە. دەکرێت هەندێک پێکدادان لە ناوچەکەدا لە نێوان ئامریکا و پراکسیەکانی ئێران بێنە ئاراوە، یان هەندێک پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە چەشنی ئەوانەی ئێستا لە سووریە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هەیە. تەنانەت دەکرێت ئەو پێکدانانە بگەن بەو ئاستە کە هەندێک بنکەی سپا ە ناوخۆ برێنە ئامانج. بەڵام کەمتر ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی دێتە بەرچاو.

ڕای خۆتان چییە؟

بە ڕای من ئەو دۆخەی کە ئێمڕۆ لە نێوان ئێران و ئامریکادا هەیە، لە یەک یا دووساڵی ڕابردوو بەو شیوەیە دەمێنەتەوە. ئێران تواناییەکانی بۆ شەڕ کردن زۆر کەمتر لە ئێستا دەبێتەوە بە لەحازی ئابووری زیاتر تووشی داڕمان دەبێت. لە ناوخۆش جاشەکان و سپاییەکان کە بۆ نانێک لەگەڵ ئەم رژێمە ماونەتەوە چیدی بە دڵ و بە گیان بۆ ئەو رژێمە شەڕ ناکەن. ئەمە هەلێک دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات بە ئامانجی راسان کە بریتیە لە بوون بە هێزی شوێندانەر نزیک بێتەوە. واتە، لە ئاکامی لاواز بوونی سپا و کۆماری ئیسلامی دا ئیمکانی پێکهاتنی بۆشاییک هەیە کە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان دەتوانێت بە فراوانتر کردنی حوزووری پێشمەرگە لە شار و شاخ و هەروەها بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکانی شار، لەو بۆشاییە بۆ بەهێزکردنی خۆی کەڵک وەربگرێت. بۆیە پێویستە لە هەندێک پرسیار وەکوو ئایا شەڕ دەبێت یان نا؟ ئایا ئامریکا لە ئێران دەدات یان نا؟ ئایا ئامریکا ئێران دەرووخێنێیت یان نا دەست بکێشین چوونکە ئەو پرسارانە هیچ شەئنیەتێکی زانستیان نیە. ئێمە دەبێتە دۆخەکە بناسین و هەوڵ بدەین گونجاوترین گۆڕانکاری لە تاکتیک و ئیستارتیژیمانا بە نیسبەت ئەو دۆخە بێنینە ئاراوە.