کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیی ئابووریی ئێران ١٣ پلە دابەزی

12:17 - 20 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دوایین ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەیی "فریزێر" دەریخستووە کە ئێران لەباری "ئازادیی ئابوورییەوە" لە جیهاندا، ١٣ پلە دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.

بەپێ دوایین ڕاپۆرتی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەیی "فریزێر"، کە لەسەر بنەمای ئامارگەلی ساڵی ٢٠١٧ دیاری کراوە، ئێران لە ڕووی ئازادیی ئابوورییەوە، نیشەی ٥.٧٢ی بەدەست هێناوە. نیشەی ئازادیی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا، ٦.٠٣ ڕاگەیەندرابوو.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە پلەبەندیی جیهانیشدا، پلەی ئێران لە ڕووی ئازادیی ئابوورییەوە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە.

ئێران لە ڕووی ئازادیی ئابوورییەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا پلەی ١٣٠ی بەدەست هێنابوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا، بە دابەزینی ١٣ پلەییەوە گەیشتە پلەی ١٤٣.

پێوەری ئازادیی ئابووری لەسەر بنەمای ٥ تەوەری: "بارستایی و ڕادەی دەوڵەت، قەوارەگەلی یاسایی و مافی خاوەنداریەتی، نەختینەیی، ئازادیی بازرگانیی نێودەوڵەتی، یاسای بودجەیی، بازاڕی کار و بازرگانی"، پێناسە کراوە.