کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازاری ھاوبەش، خەباتی ھاوبەشی پێویستە (حەماسەی۲۱ خەرمانان)

13:15 - 21 خەرمانان 2719

سۆران شەمسی

یەکدەنگی و یەکگرتوویی یەکێک لەو ھۆکارانەیە کە بە درێژایی مێژوو، نەتەوەی ئێمەی لەسەر پێ ڕاگرتووە، ھیچ شتێک بەھێزتر لە بیرۆکەیەک نییە کە کاتی ڕاپەراندنی ھاتووەتە پێش! ھاوکات لەگەڵ دژبەرانی دیکتاتۆری کە بەرەوپێشچوون بۆ لای ئازادی و مافی مرۆڤ بە ئامانجی سەرەکیی خۆی دەزانێت، نیشانەگەلێک لەنێو خۆی پەروەردە دەکات کە پێویستبوون بە یەکدەنگی لە شێوازی ئیدەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردێنێت و دەیکات بە دەرکێکی تاکەکەسی و ھەوڵ دەدات لە ڕێگای وڵامدانەوە، قەوارە و مانایەکی تایبەتی پێ ببەخشێت! ئەوەی کە ئێستا لە دەرەوەی سنوورەکان، بە شێوازێکی ئاڵواڵا دەردەکەوێت و بە ڕوونی لەبەرچاوە، ھەوڵی کۆڕەکان و گرێدایینە ھاودەنگەکان، لە ڕێگای ڕێکخراوەکانە کە لەنێو خۆیان بە کردەوە ھاوکار و یەکگرتوون.

تەنیا ڕێگایەک کە بتوانێت دەزگای سەرکوت و سێدارەی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی تاران ڕابگرێت، خەباتێکی یەکگرتوو و ھەمەلایەنەی ڕەوتە سیاسییەکان و چالاکەوانانی داکۆکی لە مافی مرۆڤە.

پێشەنگبوون و وڵامدانەوە لە پێناو پێویستبوون بە یەکدەنگی و تەبایی ھەمەلایەنە، لە گرێوی ھەندێک گۆڕانکاری لە ساختار و سیستمە، بەداخەوە سەرنج بەم ڕەھندانەی کە زۆر گرینگە نادرێت، بۆ تێپەڕین لەم پەرتەوازەییە و گەیشتن بە یەکدەنگی دەبێ پەرە بە فەرھەنگی یەکگرتوویی بدەین و بیکەین بە جێنێشێنی فەرھەنگی پرژوبڵاوی.

یەکگرتوویی: چەمکێکی چاودێر لەسەر ڕێکخستنی پەیوەندیی یاسایی مابەینی مرۆڤەکان، ئینتیما و حیزب و ڕێکخراوەکان، لەگەڵ کاری بنەڕەتیی تیۆریک و ھەروەھا ئارمانی سیاسی و ئامانجی کومەڵایەتیی جیاواز و ڕێکەوتن لەسەر خاڵ و داخوازییەکانی ھاوبەش لە پێناو ئەو ڕێگایە کە باسمان کرد، ناوەڕۆکەکەی دروست دەکات.

لە وڵاتێک کە تەنانەت بژاردەکان و خوێنەوارەکانی ترسیان لە کاری سیاسی ھەیە و بە کارێکی تایبەت بۆ کەسایەتییە تایبەتەکانی دەزانن، ئەمڕۆ گەورە و بچووک، ھەموو لایەک لەسەر بارودۆخی وڵاتی خۆیان و دونیا دەدوێن و تاوتوێی دەکەن و سیاسەت وەک یەکێک لە پێداویستییەکانی سەرەتایی جێگای سەرنجدانەوەی ھەیە، کەوابوو خەڵکی وڵاتیش دەزانن کە تەنیا ناوەندێک بۆ پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشەکان بوونی ھەیە و لە کەیفیەتیشی ئاگادارن.

ئەگەرچی تێچووی ماددی و مەعنەوی زۆرمان داوە، بەڵام بەپێی بەسەرهات و ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوندەیش بێدەسەڵات نین، ئێمە دەزانین و فێر بووینە چارەسەریی کێشەکانمان لە ئارامی و ئاوەزکاری و نەرمونیانییە، ئێمە دەزانین سیاسەتە قەیراناوییەکانی ڕێژیم، وڵاتی ئێمەی کردووەتە پێشانگای فرتوفێڵی جۆرواوجۆری بیانییەکان.

ئەوانەی کە لە چل ساڵی ڕابردوودا ھەڵبەت بە دەستی خۆمان چارەنووسێکی نەھامەتباریان بۆ ئێمە دروست کردووە، ئەوانەی کە وڵاتی ئێمەیان بەم شێوازە دەوێت کە وڵاتەکی بێسەروبەر و ئاڵۆز بێت!

ئەگەرچی قەیران و ناخۆشیی زۆر بەسەرماندا ھاتووە، بەڵام لە لووتکە و گەرمەی ئەم ھەموو نەھامەتییانە، تووگەلێکی شیاو و ھیوابەخش لە کاتی سەوزبوون و گەشەکردندایە، ئەمڕۆ نەتەوەکانی ئێران لیوانلێون لە ھەزاران لاوی خوێنەوار کە کاتی داھاتوویان ھەیە، نێعمەتێک کە پێشتر لەم ئاستەدا بوونی نەبووە.

لاوان ھێزی گۆڕانکاریی گەورەیە کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک پەنا دەبات بۆ بەسەرهات و ئەزموونە دروست و کاریگەرییەکان، نە ئەزموونە ماڵوێرانکارەکانی ئێمە! ھێزێک کە ئەگەر بە زانستێکی مەدەنی و بەرپرسیارەتییەکی کۆمەڵایەتی تەیار بێت، دەتوانێت دژوارترین کارەکان لە ئەستۆ بگرێت و بەسەرکەوتوویی جێبەجێی بکات.

بەبێ یەکدەنگی: ژیانێکی یەکگرتوو و یەکدەنگ و پۆشتە و پەرداختە، بە دوور لە پەشێوی و نائەمنییەکان پێک نایەت، ئەرک و بەرپرسیارەتیی ئێمەیە کە ھەموومان بە تەواوی ھێز و توانامان ھەوڵ بۆ دابینکردنی ئەمنییەتێکی ھەمەلایەنە و پتەوکردنی بنچینەی حکوومەتێکی نەتەوەیی و یەکپارچە بدەین تاکوو ورە و ھاوئامانجی و ھاودەنگی و ھاوبەشییەکی ڕاستەقینە لەنێو خەڵک دروست بکرێت و ھەنگاوی کاریگەر و بەھێز و بەکردەوە لەو بارەوە ھەڵ بگیرێت.

یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکان کە بەرگیری لە پێشچوون و ھەڵدانی وڵات دەگرێت، بوونی دووبەندییەکان بووە کە ھەمووکات بێئاکام بووە، ئەم دووبەندییانە بووەتە ھۆی ئەوەی کە دوژمنانی سوێندخواردوو و سوڵتەتەڵەب بە گەشەپێدانی تووی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان زمان و ئایین، ھەوڵیان داوە ھەمووکات تا ڕێگای بەرەوپێشچوون و ھەڵدانی ئێمە بگرن، تا بەم جۆرە و لەم ڕێگایەوە یەکدەنگی و یەکگرتوویی ئێمە تێک بدەن و خەڵکی ئێمە لە ڕێگای بنەڕەتی و سەرەکیی خۆیان کە ھەر ئەو بۆچوونەکانی نەتەوەی لە پێناو باشبوون و پەرەپێدانی وڵاتە لەڕێ لابدات، کەوابوو دەبێ بزانین کە یەکدەنگی و یەکگرتوویی ھۆکارێکی پڕجۆییانەی لە پێشکەوتنی ئامانجەکان، سەرفەرازی و سەرکەوتنی کۆمەڵگادا ھەیە و بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکانی نەتەوە ڕێگایەک بێجگە لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی نەتەوەیی نییە، لەگەڵ یەکگرتوویی نەتەوەیی و یەکدەنگی و ڕێکەوتن دەتوانین ھاودڵی و یەکڕەنگی پێک بهێنین کە لە وەها بارودۆخێکدا مەجال بۆ دەستێوەردانی دوژمن نامێنێتەوە.

بەپێچەوانەی باسەکە دوژمن بە وەشاندنی تووی دووبەرەکی خەون بە لاوازبوونی ئەم نەتەوە جوامێرە دەبینن، دەبێ بە دانیشتن و وتووێژ و ڕێکەوتن بۆ تیماری برینەکەمان، دەرمانێک بدۆزینەوە و مرۆڤایەتی و مافی ھەمەلایەنەی مرۆڤ بە دوور لە ھەر شێوازە گومانێک، بکەینە خاڵی جیاوازی ھەوڵ و تێکۆشانی خۆمان.

بێگومان گەشەکردن و پێشکەوتن، لە تیشکی یەکانگیری و ھاوبەشی ھەمەلایەنە مەیسەر دەبێت، کۆمەڵگاناسەکان سەرچاوە و ھۆکارەکانی پێکھێنانی یەکانگیری، دەگەڕێننەوە بۆ بیروباوەڕ و ھەستە ھاوبەشەکان و ھاوسەنگی و ھاوئاھەنگیی نێوان باوەڕەکان و ئەرزشەکان و ھۆکاری سەرەکیی دوورکەوتنەوەی مرۆڤەکان لە شەڕ و کێشە و کەمیی پێداویستییەکانی ماددی دەزانن.

بە شێوازێکی گشتی دەتوانین بڵێین: نەتەوەیەک کاتێک ناسنامەی نەتەوەیی خۆی دەدۆزێتەوە کە یەکانگیری لە ناوەڕۆکیدا بوونی ھەبێت، فەرھەنگێک کە ئەوان لە خۆی بێگانە نەکات و بەڵکوو لە جیاتی ئەوەی کە دەرخەری پێداویستی و ئارمان و ئەرزشەکانی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ڕۆحییان بێت، پێکھاتەی سیاسی و ئابووریشی لەسەر بنەمای دادگەری بێت.

 تەنیا بەم شێوازەیە کە نێوان ناسنامە و ناسنامەی نەتەوەیی و ناسنامەی تاکەکەسی ھاوئاھەنگی دێتە پێش، ھێرشی مووشەکیی سپای تیرۆریستیی پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، ڕووخساری ناحەزی ڕێژیمی ئاخووندیی ئێرانی زیاتر لە جاران دەرخست، ١٦ شەھید و نزیک بە ٤٠ بریندار ئاکامی ئەم ھێرشە تاوانکارییە بوو.

گەشەی قەیرانی سیاسی لە نێوخۆی ئێران بەھۆی گرانی، بێئاوی، بێکارییەکان، ڕێژیمی خستووەتە ژێر گوشار، نافەرمانیی چینی نەدار و ھەژار لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەنگی ناقووسی قەیرانی سیاسیی گشتگیر کردووە. گوشار لەسەر ئێران لە دەرەوە بەھۆی گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا، دۆخی قەیراناوی لە ئێرانی توندتر کردووەتەوە، لە وەها بارودۆخێکدا ڕێژیم بە دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ بەندکراوانی سیاسی (ڕامین حوسێن‌ پەناھی، زانیار و لوقمان مورادی)، چالاکانی سیاسی لەژێر ھەڕەشە و گوشار دەخات و بزوتنەوەکانی سیاسی تا ئەو ڕادەیە کە دەتوانێت بە ھەموو ھێزی مووشەکی و سەربازییەوە ھێرش دەکاتە سەریان و دەیانکاتە ئامانج تا بتوانێت لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و سیستماتیزەکردن دژی خۆی بەرگیری بکات.

ھێڕشی مووشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگانی حیزبی دێموکراتیش بەشێک لە ستراتیژیی ترس و جینایەتی ڕێژیم بوو، ھێرش بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە ڕاستدای ھێرش بۆ بنکەی بزووتنەوەکانی سیاسی بوو، بەبێ بوونی ئەم بزوتنەوانە گۆڕانکاریی سیاسی و دێموکراتیک ئیمکانی نییە و نایەتە ئاراوە، بەم بۆنەوە ھێرش بۆ بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بە ھێرشێکی ھەمەلایەنە بە تەواوی بزوتنەوە سیاسییەکان بە گۆڕانکار و دێموکراتیک دەزانین.

 یاد و ناوی شەھیدانی ڕێگای ئازادی بەرز و بەڕێز بێت، حەماسەی ٢١ خەرمانان واتە چوار ڕۆژ دوای ھێرشی مووشەکی بۆ بارەگاکانی حیزبی دێموکرات نیشاندەری ئەم ڕاستییە بوو کە ھاوئاھەنگی و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لە ھەموو حاڵێکدا وێردی سەرزمانی ھەموومانە و ئەم یەکگرتووییە بووە کە نەتەوەی کوردی لە دۆخە جۆراوجۆرەکاندا، تەنانەت بەو ھەموو گوشارانە کە لە لایەن ڕێژیمەکانی دەسەڵاتدار بوونی ھەبووە و بەردەوامیشە، ھێشتا ھەر ورەبەرزتر لە جاران بۆ داکۆکی لە نیشتمان و ئازادی لە گۆڕەپانی شەڕ دژی تیرۆریزمی دەوڵەتیدایە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.