کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بازرگانی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا، ٧٦ لەسەد دابەزیوە

18:30 - 29 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە نوێیەکانی کۆمیسیونی ئورووپا، ئاستی بازرگانیی دوولایەنەی نێوان ٢٨ ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە ٦مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩وە، بەنیسبەت دەورەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، بۆ یەک لەسەر چوار دابەزیوە.

بەپێی ئامارەکان کە کۆمیسیونی ئورووپا ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردەوە، هەناردەکردنی یەکیەتیی ئورووپا بۆ ئێران لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩وە، ٥٣ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ٢٠١٤ میلیارد یۆرۆ و هاوردەکردن لە ئێرانەوە ٩٣ لەسەد کەمی کردووە و بۆ ٤١٨ ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە.

هۆکاری بەرچاوی دابەزینی هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بۆ یەکیەتیی ئورووپا لەوەدایە کە بەشی زۆری هەناردەکردنی ڕێژیم بۆ یەکیەتیی ئورووپا نەوتی خاو بووە کە بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا، ئەو وڵاتانە هاوردەکردنی نەوتیان لە ئێرانەوە ڕاگرت.

وڵاتی ئاڵمان کە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکەرانی کاڵا بۆ ئێران دەهاتە ئەژمار،  لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا، هەناردەکردنی ئەو وڵاتە بۆ ئێران، بە ڕێژەی ٦٧٨ ملیۆن یۆرۆ کەم بووەتەوە. هەروەها هاوردەکردنەکانی ئێرانیش لەم وڵاتەوە، گەیشتووەتە ١١٠ ملیۆن یۆرۆ کە نزمبوونەوەیەکی ٤٣ لەسەدی لەخۆ دەگرێت.

وڵاتی ئیتالیا کە دوای ئاڵمان زۆرترین ئاستی بازرگانیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە، ڕادەی فرۆشی خۆی بۆ ئێران بە نیوە گەیاندووە و گەیشتووەتە ٣٧٥ ملیۆن یۆرۆ.

وڵاتی فەرانسەش لەم ماوەیەدا تەنیا ١٠ ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زۆرێک لە وڵاتان پەیوەندیی بازرگانیی خۆیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هێناوەتە خوارێ و بەم هۆیەوە ئابووریی ئێران بەرەو داڕمان چووە.