کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسمانی ئێران فڕۆکەی بووئینگ بە خۆیەوە نابینێت

13:46 - 17 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دوای چەند ساڵ مشتومڕ له نێوان کۆمپانیای بووئینگ بۆ فرۆشتنی فڕۆکه بە ڕێژیمی ئێران، ئەو کۆمپانیایە بڕیاری دا فڕۆکە بەو ڕێژیمە نەفرۆشێت.

هەواڵدەرییەکانی فەڕانسە بڵاوی کردووەتەوە، کە کومپانیای بووئینگ هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت و ئەو بڕیارەش لە کاتێکدایە، کە ئەو کومپانیایە بڕیار بوو فڕۆکەی مسافرهەڵگر بەو ڕێژیمە بفرۆشیت.

مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا  بۆ گوشار و کونتڕۆڵی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا، گەمارۆی ئابووریی بەدژی ئەو ڕێژیمە پەسەند بکات و هەروەها لە فرۆشتنی فڕۆکەی بووئینگ و ئایرباس بەو ڕێژیمە خۆی ببوێرێت.

ڕێژیمی ئێران بۆ کڕینی ٢٠٠ فڕۆکەی مسافرهەڵگری ئامریکا و ئورووپا، ڕێککەوتنێکی بە بڕی ٣٥ میلیارد دۆلار واژۆ کردووە.

پێشتریش دوو  کومپانیای بووئینگ و ئایرباس بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران، لەگەڵی ڕێک نەکەوتن و ئەو ڕێککەوتنە ئابوورییه هەڵوەشایەوە.

عەباس عێراقچی، یەکێک لە دانوستانکارانی ناوکیی ڕێژیم باسی لەوە کردبوو، کە ئێمە لەگەڵ دوو کومپانیای بووئینگ و ئایرباس بۆ کڕینی فڕۆکە ڕێک نەکەوتووین و دانوستانەکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.

ناوگانی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێران زۆر کۆن و پرتووکاوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمه لە هەوڵی ئەوەدان،کە چارەسەریی بکەن، بەڵام ئەوەش لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر بەرەوڕوویە و لە دۆخی ئابووریی ئێستەی ڕێژیمدا چارەسەر ناکرێت.

پێشتریش عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبانی کۆماری ئیسلامی بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئێران کرد و  وتوویەتی: تەنیا ٨ فڕۆکەخانەی ئێران واتە کەمتر لە ٢٠% ی ناوگانی ئاسمانی، چالاکییان هەیە.

هەنووکە تەمەنی پیشەی فڕۆکەوانی لە سیستمی ڕێژیمی ئێراندا لە ٨٢ ساڵ تێپەڕیوە و بە هۆی کەمتەرخەمیی بەناو لێپرسراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا گەیشتووەتە هێڵی سوور و یەکێک لە بێمتمانەترین ناوگانەکانی جیهانە.

ڕێژیمی ئێران فڕۆکە مسافرهەڵگرەکان بۆ ناردنی چەکوچۆل بۆ وڵاتانی سووریە و یەمەن و ناوچەکانی‌ تر بەکار دەهێنێت؛ لەم ڕاستایەشدا کۆنگرەی ئامریکا بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم فرۆشتنی فڕۆکەی موسافرهەڵگری بە ڕێژیمی ئێران بایکوت کرد.