کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

16:36 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: هێزێکی سوپای نیشتمانی وڵاتی یەمەن یەکێکی تر لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی ڕێژیمی ئێرانیان لەو وڵاتە ئاشکرا کرد.

ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانبار، هەواڵدەرییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە چەندین ڕاپۆرتی جیاوازدا بڵاویان کردووەتەوە کە هێزێکی سوپای نیشتمانی وڵاتی یەمەن لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆگایەکی کەرەستە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کە ڕەوانەی میلیشیا چەکدارە حوسییەکان کراون، لە شاری "کەتاف" سەربە پارێزگای "سەعەدە"یان ئاشکرا کردووە و دەستیان بە سەردا گرتووە.

وەزارەتی بەرگری وڵاتی یەمەن وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند، ئەو کۆگایە کە لەلایەن هێزێکی سوپای نیشتمانی وڵاتەکەمانەوە دەستی بە سەردا گیراوە، هەموو جۆرە چەکێکی سووک، نیوەقورس و قورس، تەقەمەنی ئەو چەکانە، نارنجۆک و کەرەستەکانی تەقینەوە، هەروەها مووشەکەکانی بالستیک و جۆرەکانی تری مووشەکی تێدا بووە کە ملیشیا چەکدارە حوسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پڕچەک کردنی هەستە چەکدارەکانیان لە بەرەکانی شەڕ و پەرەپێدانی چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە.

لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا تاکوو ئێستا چەندین جار کۆگای کەرەستە تیرۆیستییەکان و کاروانەکانی هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنیی ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامی ئێران، کە بەمەبەستی پەرەپێدانی نائارامی و ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەوانەی ڕێکخراو و هێزە تیرۆریستییەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، ئاشکرا کراون و دەستی بە سەردا گیراوە.

هەر لەمبارەیەوە ڕۆژی یەکشەممە ۲ی بەفرانبار، کاربەدەستانی سیاسی و سەربازیی وڵاتی ئیسراییل لە کۆبوونەوەی کەنێست (پارلمانی وڵاتی ئیسراییل)، لەهەمبەر ڕەوانەکردنی سەرجەم چەک و تەقەمەنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هێزەکانی بەشار ئەسەد و ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانی خۆی لە سووریە، لە ڕێگای وشکانی و تێپەڕبوون لە سنوورەکانی وڵاتی عێراق و بە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا، نیگەرانی خۆیان دەربڕی.