کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئالبۆمی "ئای دل" ڕوونوێنی کرا

11:43 - 27 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ئالبۆمی نوێی هونەرمەند، "عادڵ نادری"، بە ناوی "ئای دل"، لە هۆڵی سینەما بەهمەنی شاری سنە ڕوونوێنی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی ڕەشەممە، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕوونوێنی لە ئالبۆمی نوێی هونەرمەندی دەنگخۆشی نەتەوەی کورد ـ "عادڵ نادری" ـ بە ناوی "ئای دل"، لە هۆڵی سینەما بەهمەنی شاری سنە بەڕێوە چوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا، کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و شاعێرانی بەئەمەگی کورد وەک: جەلال مەلەکشا، ڕەحیم لوقمانی، سیمین چایچی، عەدنان بەرزنجی و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون.

عادڵ نادری، لەم ئالبۆمە نوێیەدا کەڵکی لە شێعرەکانی شاعێرانی بەناوبانگی نەتەوەکەمان، مامۆستا جەلال مەلەکشا و مامۆستا ڕەحیم لوقمانی وەرگرتووە، بۆیە لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەم مامۆستایانە کرد.

ئالبۆمی "ئای دل"، نوێترین ئالبۆمی هونەرمەند "عادڵ نادریـ"ـیە کە لە ٨ گۆرانی پێک هاتووە.

گۆرانییەکانی ئەم ئالبۆمە بە زاراوەکانی هەورامی، کرمانجی، سۆرانی و کەلهوڕییە.

شایانی باسە، کە عادڵ نادری، یەکێک لە هونەرمەندانی دیاری ڕۆژهەڵات و خەڵکی گوندی بۆڕیەر و دانیشتووی شاری سنەیە، کە لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیی باش و بەرچاو لە کارەکانی دەکرێت؛ لە ڕێوڕەسمی ڕوونوێنی لەم ئالبۆمە نوێیەشیدا سەدان کەس لە لایەنگرانی دەنگی عادڵ نادری بەشدارییان کرد و بە کڕینی ئەم کارە نوێیە بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لە هونەری ئەو هونەرمەندە کوردە دەربڕی.