کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری خۆکوژی لە پارێزگای ئیلام لەماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردووەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە

18:05 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: لێکۆڵەران و مامۆستایانی زانکۆی ئیلام لە دانیشتنێکی لێزانیدا پرژانە سەر هۆکاری خۆکوژی و ڕێگەچارەکانی.

عەلی ئەیار، لێکۆڵەری بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و مامۆستای گرووپی زانستی کۆمەڵایەتی زانکۆی ئیلام، لەم دانیشتنەدا سەرەڕای ئاماژەدان بە خۆکوژی وەک کێشەیەکی گشتی لەم پارێزگایە وتی: "خۆکوژی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکانە کە سەلامەتی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە".

ناوبراو هەروەها به ئاماژە بە ئامار و بەڵگەکان وتی: دوای شەڕ و لەم سێ دەیەی دواییدا، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە پارێزگای ئیلام بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لەپاڵ پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستان پلەی یەکەممان هەیە.

عەلی ئەیار، بە پشت بەستن بە بەڵگەی لێکۆڵینەوەیەکی لە ساڵی ١٣٩١ که لە پێوەندی لەگەڵ ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی ئەنجامی داوە وتوویەتی: خەڵک لە ساڵی ١٣٩١ بەتوندی هەستیان بە  نائەمنی ئابووری کردووە و بە داخەوە لە ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٧یش بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم هەستە زیاتر بووەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە خەڵک بەهۆی هەژاری و نابەرانبەری و گرینگی بەدەستهێنانی پارە لە ژیان، کەمڕەنگبوونەوەی بەها مرۆییەکان و گەندەڵی هەست بە نائەمنی دەکەن".

ناوبراو کۆمەڵگای پارێزگای ئیلامی بە کۆمەڵگایەکی مردوو کە ناتوانین چاوەڕوانی  خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لەو پارێزگایەدا نەبین پێناسە کردووە،هەروەها ئاماژەی به بەرزبوونەوەی  ئاستی خەساربەرکەوتوویی خەڵک کردووە و وتوویەتی: ئەم بەرزبوونەوەیە نە تەنیا لە دیاردەی خۆکوژی، بەڵکوو لە دیاردەی تەڵاقیشدا دەبینرێت.

دوکتور فەتحوڵڵا محەممەدیان، کەڵکوەرگرتن لە سیاسەتە ساختارییە گونجاوەکانی بۆ پێشگیری لە خۆکوشتن، بە ڕێگەیەکی باش زانیوە.

ئومید عەلی باپیری، لێکۆڵەری پەروەردەیی لەم ڕاستایەدا ڕایگەیاند: "ڕێژەی خۆکوشتن لە تەمەنی نێوان ١٥ هەتا ٢٤ ساڵی لە سێ دەیەی دواییدا سێ بەرابەر بەرزبووەتەوە  و وەکوو دووەمین هۆکاری مردن لە ناو گروپە تەمەنییە ناوبراوەکاندا ناسراوە، ڕێژەی بڵاوی ئەم دیاردە لە نێوان خوێندکارانی دواناوەندی لە نێوان ٥/٣ هەتا ١١ لە سەدە.

باپیری بێهیوایی وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دەروونییەکانی لاوانێک پێناسە کردووە کە هەوڵی خۆکوژی دەدەن، بەو مانایەی کە ئەو کەسە ئەگەری ڕوودانی گۆڕانکاری ئەرێنی و چارەسەرکرانی کێشەکانی لە داهاتوودا زۆر کەم یان مەحاڵ دەبینێت، بۆیە، پەنا بۆ خۆکوژی دەبات، لە ڕاستییدا خۆکوژی وەک کاردانەوەیەکە بەم کێشانە.

دوکتور فەتحوڵڵا محەممەدیان، جێگیری لێکۆڵەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی خەسارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی زانستی پزیشکی ئیلام، ڕوو لە بەرپرسان و نوێنەرانی مەجلیس،هۆکاری سەرەکی خۆکوژی بە نەبوونی بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی، کەمی لێکۆڵینەوە بنەڕەتییەکان، پشتگوێخستنی هێزی خوێندەواری پارێزگای ئیلام و نەبوونی بەرنامەی خۆجێی پێناسە کردوو و داوای دانانی بەرنامەیەکی زانستی بۆ پێشگرتن لەم دیاردەیەی کرد.