کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری خۆکوژیی لاوان لە ئێراندا هەڵکشاوە

12:33 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ئامارە فەرمییەکان باس لە هەڵکشانی ڕێژەی خۆکوژی لە نێوان لاوەکان لە ئێراندا دەکات کە نیشاندەری هاتنە خوارەوەی تەمەنی خۆکوژییە کە لە شێوەگەلی دڵتەزێن بۆ خۆکوژی کەڵک وەردەگرن.

بەپێی ئامارەکانی پزیشکیی یاسایی و وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕێژەی خۆکوژیی لاوان لە سالی ٩٧دا ٢٠ لەسەد بووە کە ئەمە ئامارێکی دڵتەزێنە و هەروەهاش وتراوە کە زۆربەی ئەو لاوانە کە هەوڵی خۆکوژی دەدەن لە ئاستی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدان.

هەروەها نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕیژیم دەریخستووە کە لە هەر ١٠٠ هەزار کەس لە ئێراندا، ١٢٥ کەس هەوڵی خۆکوژی دەدات کە ئەو ئامارە لە وڵاتە خۆشبژێوەکاندا ١١ و نیو لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدایە.

"مەجید ئەبهەری"، ڕەفتارناس و خەسارناسی کۆمەڵایەتی، هۆکارەکانی خۆکوژیی بە دوو بەشدا دابەش کردووە کە بریتین لە هۆکارە کەسی و دەروونییەکان و بەشەکەی دیکەی هۆکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانە.

هەروەک لە ئامارەکاندا دەرکەوتووە، لە وڵاتی ئیراندا کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستیکی هەرە بەرزدایە و سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات بووەتە هۆی دروستبوونی بێهیوایی لەنێو ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا کە گوشاری سەر بنەماڵەکان ڕاستەوخۆ کاریگەریی یەکەمی لەسەر لاوەکان دەبێت.

ئەو گوشارانە و ژیانی نالەباری خەڵک وا دەکات کە هیوابڕین لە ژیان بگاتە ئاستێکی بەرز و کاریگەریی لەسەر باری دەروونیی تاکەکانیش دەبێت و دیاردەی خۆکوژی بەتایبەت لەنێو لاواندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو هەڵکشان دەڕوات.