کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران لە هەڵکشاندایە

11:12 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بە پشتبەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نێو منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ ڕووی لە زیادبوونە.

گرووپێک لە چالاکانی مەدەنی، بە پشتبەستن بە ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێژیم، هۆشداریان داوە، کە ڕێژەی هاوسەرگیریی لە نێو منداڵاندا لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمسیۆنی دادوەریی مەجلیس، لەم دواییەدا گەڵاڵەی قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر تەمەن ١٣ ساڵی ڕەت کردەوە.

ئەم گرووپە چالاکە مەدەنییە ڕایانگەیاندووە: "لە ساڵی ١٣٩١، ٤.٩ لەسەدی هاوسەرگیرییە  تۆمارکراوەکانی ژنان، هی منداڵانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ بووە؛ لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٩٥ بۆ ٥.٦ لەسەد بەرز بووەتەوە، بەو واتایەی تەنیا لە ساڵی ١٣٩٥ زیاتر لە ٣٩ هەزار کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە.

لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩١ هەتا ١٣٩٥، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کچ و کوڕی خوار تەمەن ١٥ ساڵ چوونەتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و لە سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ـەوە هەتا ئێستا زیاتر ٤٠٠ هەزار کچی خوار تەمەن ١٥ ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە.

هاوسەرگیریی منداڵان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەزانرێت، بەتایبەتی هاوسەرگیرییەک کە دووگیانی منداڵانی بە دواوە بێت، کە گیانی دایکەکە و کۆرپەکە دەخاتە مەترسییەوە.

بەپێی ئاماری یوونیسف، لە سەرتاسەری جیهاندا هەموو ڕۆژێک بە شێوەیەکی نێوەنجی  ٣٩ هەزار کچی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن، لە ئێراندا هەر ساڵێک بە نزیکەی لەم ڕێژەیە کچانی خوار تەمەن ١٥ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە هاوسەرگیریی منداڵانی قەدەغە نەکردووە و کچ لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەتوانێت هاوسەرگیریی بکات، کە ئەگەر باوکیشی مۆڵەت بدات لە خوار ئەم تەمەنەشەوە ڕێگە بە هاوسەرگیریی دەدرێت.

هاوسەرگیریی منداڵانی کەمتەمەن، دەبێتە هۆی ئەوەی واز لە خوێندن بهێنن، بەمەش ئاماری نەخوێندەواری دەچێتە سەرەوە و لە ئاکامدا هەژاریی فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.