کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران تەنیا بواری تەبلیغاتیی هەیە

12:50 - 10 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەڵێنی تەک ڕەقەمی کردنی نرخی بێکاری لە ئێراندا هەتا دوو مانگی داهاتوو تەنیا لایەنی تەبلیغاتیی هەیە و ئەگەریی نییە لە کاتێکی کەمدا پێوەرە ئابووریییەکان بگۆڕدرێت.

کارناسێکی بازاڕ لە ئێران ڕەخنەی توندی لە جێگری پارێزگای تاران گرتووە کە ناوبراو بەڵێنیی ئەوەی دابووە "نرخی بێکاری هەتا دوو مانگی دیکە تەک ڕەقەمی دەکرێت".

ئەو کارناسەی بازاڕ وتوویەتی، ئەم جۆرە قسانە تەنیا لایەنی پڕۆپاگەندەی هەیە چونکە پرسی ئابووریی پێویستی بە شارەزایی هەیە و بابەتێکی ساکار نییە.

پێوەرەکانی ئابووری وەک نرخی بێکاری، نرخی ڕەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری لە ماوەیەکی کەمدا هەتا ئەو ئاستە ناگۆڕدرێت کە مانایەکی هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە مامۆستایەکی زانکۆی ئێران ڕایگەیاندووە: "ئەو ئامارانەی کە حکوومەت بڵاوی دەکاتەوە، تەنیا بابەتێکی سیاسییە و هیچ کاریگەرییەکی لە ژیانی خەڵکدا نییه".

بەپێی خودی ئەو ئامارانەی کە حکوومەت بڵاوی دەکاتەوە، بژێویی ژیانی خەڵک لەگەڵ واقعییەتی بازاڕدا جیاوازیی هەیە.

خەڵكی ئێران توانای کڕینی دابەزیوە و نرخی شتومەکەکانیش ڕووی لە هەڵکشانە.

ئابووریی ئێران، لەسەر نەوت داڕژراوە و لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، تووشی کێشەی جیددی بووە.