کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لە سووریە داعش و ئێرانە

11:05 - 25 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: ئامانجی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریە تێکشکاندنی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆی چالاکییەکانی ئێرانە لەو وڵاتەدا.

جەیمز جێفری، نوێنەری تایبەت بە کاروباری سووریە لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ۲۳ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۱٤ی نۆڤامبر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە شاری واشنگتۆن بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: ئامانجی سەرەکی مانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریە تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستی داعشە و ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی ئێرانیش ئامانجی ناڕاستەوخۆی ئەمریکایە.

جەیمز جێفری، لە درێژەی وتووێژەکەیدا وێڕای ئاماژەدان بە بەشداری ۷۹ وڵاتی جیهان لە شەڕی دژ بە داعش و پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی تێکشکاندنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە نێو خاکی سووریە و عێراق، تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریە و وتی: "مانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتی سووریە ئامانجێکی گشتگیری هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامانجێکی تری ناڕاستەوخۆش پەیگیری دەکات و لەگەڵ هاوپەیمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران لە سووریە دەبێتەوە".

ناوبراو وتیشی: "تاکوو گۆڕانکارییەکی سەرەکی لە نیزامی سیاسیی سووریە و هەروەها کەمڕەنگ بوونەوەی پێگەی ئێران لەو وڵاتە نەیەتە ئاراوە، ناتوانین شاهیدی تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سووریە بین".

نوێنەری تایبەت بە کاروباری سووریە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا نەمانی ئێران لە سووریە پرۆسەیە یان مەرج؟، وتی: "دەرکردنی هێزەکانی ئێرانی لە وڵاتی سووریە پێئەسپێردراوی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ڕەوەندی کۆتایی هێنان بە شەڕ لە سووریە".

 جێفری، لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە سەرکوتی خەڵکانی ناڕازی ئەو وڵاتە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی گرووپی تێکدەر و تیرۆریستیی داعش لە سووریە و جەختیشی لە سەر چالاکییە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە کردەوە.

هەروەها لە سەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە سووریە وتی: "تاکوو حکوومەتی بەشار ئەسەد گوێ لە ئامۆژگارییەکانی ئێران بگرێت، بارودۆخی ئەو وڵاتە ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و بەرەو باشی ناچێت".