کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا تێرۆری میکۆنۆسی وەبیر هاووڵاتییانی ئێرانی هێنایەوە

12:07 - 28 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزخانەی مەجازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە بڵاوکردنەوەی کورتە پەیامێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری بێرلینی ئاڵمان وەبیر هاووڵاتییانی ئێرانی هێنایەوە.

باڵوێزخانەی مەجازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئێراندا، لە کورتە پەیامێکدا نووسیوویەتی: "لەم دواییانەدا لە لاپەڕە، ئاماژەمان بە هێندێک لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری دنیا بەتایبەت لە ئورووپا کردووە. ٢٦ ساڵ پێش لە وەها ڕۆژێکدا لە ڕۆژی ١٧ سێپتامبر چالاکی سیاسیی کورد، دوکتور سادق شەرەفکەندی و سێ کەسی دیکە لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی فەتاح عەبدولی، هومایوون ئەردەڵان و نووری دێهکوردی لە ڕێستۆرانی میکۆنۆس لە شاری برلین تێرۆر کران، ئێوە لە سەر ئەم هێرشە تێرۆریستییە چی دەزانن؟

نێوەڕاستی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، هەوڵی ڕێخستنی ئەم باڵوێزخانە ئینترنتییە داوە، کە زیاتر بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری بە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئێران دامەزراوە.

تێرۆری میکۆنۆس لە ٢٦ی خەرمانانی ساڵی ٧١ی هەتاوی، لە ڕیستۆرانتێکدا هەر بەم ناوە لە شاری برلین ڕووی دا، کە لەو ڕووداوەدا دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکرات، فەتاح عەبدولی نوێنەری ئەم حیزبە لە ئورووپا، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حدکا لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێرۆر کران.

دادگای میکۆنۆس لە ماوەی٣ ساڵ، ٢٤٧کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەسی لەسەر دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆس ئەنجام دا و حکوومەتی ئێرانی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرد.

حوکمی دادگای میکۆنۆس لە مانگی دێسامبری ١٩٩٨ بەتەواوەتی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا لە دۆسیەی تێرۆری میکۆنۆسدا مەحکووم کران.