کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: تەحریمە نوێیەکان ئێران تەنگەتاو دەکات

10:39 - 1 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ئامریکایی دەڵێن تەحریمەکانی مانگی خەزەڵوەر کۆماری ئیسلامی بەتەواوی تەنگەتاو دەکات؛ هاوکات ئیسڕائیل بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە خولی نوێی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە تاران و دەڵێ: ئێران لاواز دەبێ و دواتر دەڕووخێت.

"سیگال مەندێلکێر" جێگری وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە کاروباری زانیاریی ماڵی و تێرۆریزم سەبارەت بە خولی نوێی تەحریمەکان دژ بە تاران کە کەمتر لە دوو حەوتووی دیکە پەسند دەکرێت وتوویەتی: لەو ڕووەوە کە ئابووریی ئێران بەستراوە بە داهاتە نەوتییەکانە، تەحریمە نوێیەکان کاریگەری بەربڵاویان لەسەر ئێران دەبێت و ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتە دەخاتە دۆخێکی دژوارەوە.

هاوکات لەگەڵ قسەکانی ناوبراو کە بۆ ماڵپەڕی "گلۆبز"ی ئیسرائیل کردوویەتی، ئاڤیگدۆر لیبێرمەن وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش لە ئاخاوتنێکدا بۆ "ئەنستیتۆی خوێندنەوە ستراتێژیکەکانی ئورشەلیم" وتوویەتی: ئاشکرایە کە خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر ئێران دەبێت و بەڕێژەیەکی بەرچاو دەستی تاران بۆ پشتیوانی ماڵیی تێرۆریزم دەبەستێتەوە.

وتوویشیەتی: بەردەوامی ئەم ڕەوتە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر حیزبوڵا، حەماس و باقی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە کە تاران پشتیوانییان لێدەکات، دەبێت؛ جیا لەمەش تەحریمەکان گوشارێکی زۆر بۆ ئێران دەهێنێت و دواجار هاوشێوەی ڕێژیمە کۆمۆنیستییەکان دەیڕووخێنێت.

دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ ڕایگەیاند: تاران ڕۆحی بەرجامی پێشێل کردووە و ئامریکای لەم ڕێککەوتنامەیە هێنایە دەرێ و بڕیاری دا لە دوو قۆناغدا تەحریمە هەڵپەسێردراوەکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە کە خولی یەکەمیان لە ١٦ی گەلاوێژ بەدژی کۆماری ئیسلامی پەسند کرانەوە و خولی دووهەمیش لە ١٣ی خەزەڵوەردا دەچەسپن.