کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا جارێکی تر بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتی لە وڵاتی ئیسرائیل دەکات

12:17 - 8 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، جارێکی تر بەرانبەر بە هەڕەشە و مەترسیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بە فەرمی پاڵپشتی لە وڵاتی ئیسرائیل دەکات.

ڕابێرت پاڵدینو، جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە، جارێکی تر بە فەرمی پاڵپشتیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئیسرائیل و خەڵکی ئەو وڵاتە دەربڕی و ڕایگەیاند، کە ئامریکا هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لێدان و زیانگەیاندن بە وڵاتی ئیسرائیل قەبووڵ ناکات.

لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر مافی بەرگریی وڵاتی ئیسرائیل بەرانبەر بە هەوڵە ناوچەیییەکانی ڕێژیمی ئێران، کە ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و خەڵکەکەی دەخاتە مەترسییەوە، بەتەواوەتی پاڵپشتی ئەو وڵاتە دەکات.

ڕابێرت پاڵدینو، لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، جارێکی تر ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لە وڵاتی سووریە کرد و ڕایگەیاند: "پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە سووریە و سەرانسەری ناوچەکەدا و هەروەها دابینکردنی ئەو گرووپانە کە بە ڕوونی مەبەستیان هێرش و زیانگەیاندن بە وڵاتی ئیسرائیلە، پێمان قەبووڵ ناکرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکان بەبێ هیچ دەستێوەردانێک، بەتەواوەتی لە مافی بەرگریی ئیسرائیل بەرانبەر بە دژایەتییە لەگەڵ ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە، پاڵپشتی دەکات".

ناوبراو لە کۆتاییشدا جەختی لەسەر توانایییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە وڵاتەکەیان کردەوە و ڕاشی گەیاند، حکوومەتی "دانڵد ترامپ" و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەردەوام بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، لێبڕاوانە پاڵپشتی ئەو وڵاتە دەکەن.