کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خولێکی نوێ لە تەحریمەکان دژ بە ڕێژیمی تارانی دەست پێکرد

10:32 - 25 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: چەندین بانک و کۆمپانیای ڕێژیمی تاران لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکاوە تەحریم کران.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ناوی ٢٠ بانک و کۆمپانیای کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە کە تەحریم کراون؛ ئەم ناوەندانە بریتین لە: بانکەکانی میللەت، مێهر، پارسیان، سینا و هەروەها کۆمپانیای سەرمایەدانانی "اندیشە مهرآوران"، گرووپی "بهمن"، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی زینکی بەندەرعەباس، کۆمپانیای کاتالیستی شیمیایی پارسیان، تواندنەوەی زینکی قشم، سەرمایەدانانی "طبیعت‌گردان آتیه ایرانیان"، کۆمپانیای سەرمایەدانانی تکتار، کۆمپانیای ئەندازیاری تکنوتار و کۆمپانیای ئەسیدسازی زەنجان، کۆمپانیای پۆڵای ئیسفەهان، تەراکتۆرسازی و خودروسازی بەهمەن، بونیادی هاوکاری بەسیج، کۆمپانیای کالسیمین، کۆمپانیای گەشەپیدانی کانزاکانی زینکی ئێرانی.

ئەم تەحریمانە کە بەناوی تەحریمی دژەتێروریزم ئەنجام دراون لە بەرەبەری تەحریمە نوێیەکانی ئامریکا هاتوونەتە ئاراوە کە ڕێکەوتی 13ی خەزەڵوەر ڕادەگەینرێت و هەموو سیستمی بانکی ئێران و کەرتی نەوت و گازی ئەم وڵاتە لەخۆدەگرێ.

دەوڵەتی ئامریکا بەفەرمی ڕێکەوتی ۱۸ی بانەمەڕ تاکلایەنە چوونەدەری خۆی لە بەرجام ڕاگەیاند و بەرجامی وەک ڕێککەوتنێکی شەرمێونانە ناوزەد کرد.

لە چەند مانگی ڕابردوودا خەزێنەداری ئامریکا چەندین جار لیستەی تەحریمەکانی خۆی دژ بە کۆماری ئیسلامی نوێ کردۆتەوە؛ بۆوێنە مانگی ڕابردوو خەزێنەداری ئامریکا ڕایگەیاند: بۆ قرتاندنی باسکی تۆڕی ماڵیی حیزبوڵای لوبنان، "موحەممەد عەبدوڵا ئەمین"ی لە لیستەی کەسانی پێوەندیدار بە گرووپە تێرۆریستییەکان هاویشتووە؛ هەروەها لە مانگی گەلاوێژدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی تایلەندی بەهۆی پێوەندی لەگەڵ "ماهان ایر" تەحریم کرا.