کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە ئاڵمان کردووە کە بەشداری هاوپەیمانیەتی بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بێت

12:23 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە دەوڵەتی ئاڵمان کردووە کە لە هێزێکی هاوبەشی ئورووپایی بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەشداری بکات.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "دۆیچە وێلە"ی ئاڵمانی کە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ بڵاوبووەتەوە، باڵوێزخانەی ئامریکا لە بێرلین ڕایگەیاندووە کەوا دەوڵەتی ئامریکا بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە ئاڵمان کردووە تا لە هێزێکی دەریایی هاوبەشی ئورووپایی بە سەرکردایەتیی بریتانیا بەشداری بکات کە بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتییەکان لە گەرووی هورمۆزدا پێک هاتووە.

"تامارا ستێرنبێرگ"، وتەبێژی باڵوێزخانەی ئامریکا لە بێرلین وتوویەتی: "ئێمە بە شێوەیەکی فەرمی داوامان لە ئاڵمان کردووە تاکوو هاوئاهەنگ لەگەڵ فەرانسە و بریتانیا، لە دابینکردنی ئاسایش لە گەرووی هورمۆزدا، هاوکات بۆ ڕاوەستان لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران، یارمەتیدەر بێت".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بەشێک لە پارلمانتارە ئاڵمانییەکان باسیان لە پاراستنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی کردووە و پرسیاری ئێمەش ئەوەیە کێ دەبێت ئەو ئازادییە بپارێزێت؟"

"هایکۆ ماس"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئاڵمان لە عەمەلیاتی ئامریکا لە گەرووی هورمۆزدا بەشداری ناکات.