کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دوو تۆڕی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد

13:08 - 7 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا دوو تۆڕی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی دابینکردنی کەرستە و فەناوەری بۆ بەرنامەی مووشەکیی ئەو ڕێژیمە، تەحریم کرد.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، دوو تۆڕی پەیوەندیدار بە ''حامید دێهقان'' و شیرکەتە ڕەواڵەتییەکانی ناوبراو لە "هۆنگ کۆنگ" و تۆڕی ''سەید حوسێن شەریعەت"، لەهەمبەر دەستپێراگەیشتن بە بەرهەمە ئاڵمینیۆمییەکان بۆ وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد.

"سیگال مندلکەر"، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند: "ڕێژیمی ئێران بۆ شاردنەوەی هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی بەرنامەی ناوکیی خۆی، لە ڕێوشوێنی پێچاو کەڵک وەر دەگرێت".

"حامید دێهقان" لەگەڵ ''هادی دێهقان'' بڕی چەندین ملیۆن دۆلار، کەرستەی ئێلێکترۆنیکییان بۆ شیرکەتی "ئەندازیاریی ڕاستا فەن'' و شیرکەتە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، دابین کردووە.

شیرکەتەکانی ''سەنایەعی هەوایی، گرووپی ئەندازیاریی باکری، گرووپی پیشەیی هیمەت'' کە وەکوو موشتەرییەکانی شیرکەتی ''ئێبتکار سەنعەتی ئیلیا'' دێنە ئەژمار، هەموویان لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادان.