کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دوو دامەزراوەی ئەرمەنستانی بە هۆکاری بازرگانیکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەحریم کرد

18:30 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا، دوو دامەزراوەی ئەرمەنستانی بە هۆکاری بازرگانیکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی ئێران، تەحریم کرد.

ماڵپەڕی "فێدراڵ ڕیجێستێر" کە ماڵپەڕی بڵاوکردنەوەی یاسا و ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەتی ئامریکایە، بڵاوی کردووتەوە کە دوو دامەزراوەی ئەرمەنستان خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە و بەربەستەکانی لە ئەمڕۆوە بە کردەیی دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو شیرکەتانە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست، کەلوپەلیان بۆ ئێران هەناردە کردووە و بەڕێوەبەرانی شیرکەتەکانی "Markel Closed Joint Stock Company"  و "Telecommunications Research Institut"، لەگەڵ دامەزراوەیەکی ئێرانی کە لە لایەن ئامریکاوە گەمارۆ دراون، پەیوەندیی بازرگانییان هەبووە.

وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا بڕیاری داوە کە دژی چالاکیی ئەم  شیرکەتانە بەربست دروست بکات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئامریکا لە مانگی ژانوییەدا، شیرکەتێکی ئەرمەنیی بەهۆی هاوکاریکردن لەگەڵ شیرکەتی هەوایی ''ماهان ئەیر''، تەحریم کرد.