کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لیستەی کامڵی دامەزراوە و تاکە تەحریمکراوەکانی ئێرانی ڕاگەیاند

11:16 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: لیستەی گرینگترین دامەزراوە و تاکە تەحریمکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە دووهەمین خولی تەحریمەکانی ئامریکا بڵاو کرایەوە کە سەرجەمیان پێوەندییان بە چالاکیی "بانکی" و "نەوتی" کۆماری ئیسلامییەوە هەیە.

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی قۆناخی دووهەم لە تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ناوی سەدان کۆمپانیا، دامەزراوەی ماڵی، بانک و تاکی ئێرانی و بیانی کە پێوەندییان بە کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە بڵاو کردەوە کە لەلایەن ئەم وڵاتەوە خراونەتە لیستەی گەمارۆکان.

گرینگترین لایەنە تەحریمکراوەکان بریتین لە: بانکی ناوەندیی ڕێژیم، بانکەکانی سامان، سەرمایە، کشاوەرزی، میللی، سەنعەت و مەعدەن، سپە، ڕفاه، تجارەت، بانکی بازرگانی ئێران و ئورووپا، کۆمپانیای بازرگانی پێترۆشیمی، کۆمپانیای میللی نەوتی ئێران و هەموو کۆمپانیا پێوەندیدارەکانی، کۆمپانیای سەنعەتە پێترۆشیمییەکان، ڕێکخراوی وزەی ناوکی، سیمانی کوردستان، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بەرق، ئێران ئایێر و دەیان تاک لە بەڕێوەبەریی ئێستە و پێشووی ڕێژیم کە هەموویان پێوەندییان بە سیاسەتە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەبووە.

لیستەی کامڵی ناوەکان لەم لینکەدا دانراوە: https://www.treasury.gov/resource-center/sanctions/OFAC-Enforcement/Pages/20181105_names.aspx

خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی کە لە نیوەشەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەر بە کاتی واشینگتۆن چوونە بواری جێبەجێکردنەوە بریتین لە سەنعەتی نەوت، کەشتیڕانی، خزمەتگوزارییەکانی بیمە، کەرتی وزە و ئاڵووێری بانکی.

دانڵد ترامپ لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: ئەم تەحریمانە زۆر سەختن؛ ئەمانە توندترین تەحریمگەلێکن کە تاکوو ئێستا ئیجرامان کردووە و دەبینین کە چی ڕوو دەدات؛ دۆخی ڕێژیمی تاران باش نییە."

هاوکات مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە وتوێژێکدا لەگەڵ "فاکس‌نیوز" ڕایگەیاندبوو: ئێمە لە هەوڵداین تاکوو وێڕای پشتیوانی لە خەڵکی ئێران کە شیاوی ژیانێکی باشن کۆماری ئیسلامی ناچار بکەین واز لە سیاسەتە ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەکانی بهێنێت؛ ئەمە ئامانجی ئێمەیە و مەئموریەتێکە کە لەلایەن سەرۆکەوە پێمان دراوە."