کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‏ئامریکا، ماڵی خودا لە هێرشی ڕژیمی ئیسلامیی تاران دەپارێزێت

13:39 - 21 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: هەڕشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە ترسی جیددیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتووەتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ پێشگرتن لە هێرشی میلیشاکانی حوسیی سەر بە ڕێژیمی ئێران، پەدافەندی مووشەکیی پاتریۆتی لە شاری مەککە دامەزراندووە.

عەرەبستانی سعوودی، بە مەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی خەڵکی خۆی و بەتایبەتی لەو ڕۆژانەدا کە ڕێوڕەسمی ئایینیی حەج بەڕێوە دەچێت، پەدافەندی مووشەکیی پاتریۆتی دامەزراندووە.

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات و ئەو پشتیوانییەش بووەتە شەڕێکی گەورە لەو وڵاتەدا.

سەرلەشکەر"عەلی موحسێن ئەلئەحمەر"، جێگری سەرکۆماری یەمەن، پێشتریش رایگەیاندبوو کە حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ئێران، شاری مەککە، ڕووگەی موسڵمانانیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان و ئەم کردەوەیەی بە کردەوەیەکی تێرۆریستی لە قەڵەم دا.

 ئێران بەرپرسی ئەو کردەوانەیە کە ئەمڕۆ لە یەمەن ڕوو دەدەن، بەتایبەت بەرپرسایەتیی هاویشتنی مووشەک بەرەو مەککە لە ئەستۆی ئێرانە و هەر موسڵمانێک دەبێت لە بەرانبەر ئەم کردەوە دژە مرۆیی و ئایینییە، هەڵوێست بگرێت.

لەم ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتیی چەکوچۆڵ، ئابووری، ڕاهێنانی نیزامیی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت. 

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، وەکوو: "بەحرەین، یەمەن، میسر و..."، بە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە مەحکووم کراوە.