کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا، "محەممەد جەواد زەریفـ"ـی تحریم کرد

12:39 - 10 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و لەمبارەوە ڕایگەیاند کە "زەریف" گرینگترین وتەبێژی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانە و بۆ ئەوان تەبلیغ دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی گەڵاوێژ، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ''محەممەد جەواد زەریف''، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.

''ئێستیون منوچێن''، وەزیری دارایی ئامریکا وتوویەتی: ''زەریف بەڕیوەبەری بڕیارەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و گرینگترین وتەبێژی ڕێژیم لە ئاستی جیهاندایە".

"محەممەد جواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوەی خۆیدا لە هەمبەر ئەم بڕیارەی ئامریکا وتوویەتی: "بۆیە تەحریم کراوم، چوونکە هەڕشەیەکم بۆ بەرنامەی کاریی ئامریکا".

ناوبراو هەروەها وتی: "هۆکاری ئامریکا بۆ سەپاندنی سزا بە سەر مندا ئەوەیە کە من وتەبێژی سەرەکیی ئێرانم لە سەرتاسەری جیهاندا. ئایا ڕاستی ئەوەندە بە ئازارە؟"

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی جۆزەدان، "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەشت فەرماندەی باڵای سپای تێرۆریستی پاسدارانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و داوای لەو ڕێژیمە کردووە کە دەست لە کردەوە تێکدەرەکان و هەڕەشەئامێزەکانی هەڵبگرێت.