کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا مەرجێکی‌ تری بە مەرجەکانی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران زیاد کرد

18:28 - 4 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا مەرجێکی‌ تری بە مەرجەکانی دیکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران زیاد کرد.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا مەرجێکی نوێ کە تایبەتە بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پابەند نەبوونی ڕێژیم بە یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بە مەرجەکانی دیکەی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ۳۱بانەمەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی، دوازدە خاڵی ڕوو بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند کە ئەگەر ڕێژیم لە سەر ئەو خاڵانە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لەو وڵاتە پێک بهێنێت، ئامریکا ئامادەیە بۆ دانوستاندن و واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان واشنگتۆن و تاران.

 پۆمپێئۆ، وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەو دوازدە خاڵەی ئامریکا بۆ کاربەدەستانی تاران، خاڵێکی دیکەی لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و پابەندنەبوونی ڕێژیم بە یاسا نێۆنەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بە مەرجەکانی ئامریکا زیاد کرد.

مایک پۆمپێئۆ، ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی ڕەزبەر لە نووسراوەیەکدا لە گۆڤاری "فارین ئافرز"ـی ئامریکا سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران، نووسیویەتی: "سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە کە گوشارەکان لە کاتێکدا زیاد دەکرێن کە کۆماری ئیسلامی بەپێی ئەو پێوەرانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی و هەروەها خەڵکی ئێران چاوەڕوانییان هەیە، نەجووڵێتەوە".

 پۆمپێئۆ لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا، نووسیویەتی: "واشنگتۆن خوازیارە کە تاران گۆڕانکاری بنەڕەتی و بەرچاو سەبارەت بە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە پێک بهێنێت".

مەحەممەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ۳۰ی ڕەزبەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی "کیودوی"ـی ژاپۆن، لە وڵامی پرسیارێکدا لە سەر دانوستاندنی نێوان ئامریکا و ئێران، ڕایگەیاندبوو: "ئامریکا حازر نییە بۆ دانوستاندن، ئێمە جگە لە ڕێزلێنانی بەرانبەرەکەمان هیچ مەرجێکی دیکەمان بۆ دانوستاندن نییە".

گوشارەکانی ئامریکا ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەر ئێران و تەنانەت میلیشا چەکدارەکانیشی لە ناوچەکە وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان زیاتر دەبێت، بەم هۆیەشەوە ئێران لە ناوخۆدا تووشی قەیرانێکی شکستهێنەر بووە و ناچارە ملکەچی گوشارەکانی ئامریکا بێت.