کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ناوەندی "هەوا فەزا"ی ئێرانی تەحریم کرد

12:45 - 13 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا گەمارۆی نوێی لە دژی بەرنامەکانی "هەوا فەزا"ی ڕیژیمی ئێراندا سەپاند. ئەم گەمارۆیانە، "ڕێکخراوی فەزایی ئێران، ناوەندی توێژینەوەی هەوا و فەزا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەزایی ئێران" لەخۆ دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕویتێرز"، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەرمانان، ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی ئەوەی گوشاری زیاتر بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێکخراوی فەزایی ئێران، ناوەندی توێژینەوەی هەوا و فەزا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەزایی دەخاتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم بڕیارەی ئامریکا چەند ڕۆژ دوای ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هاویشتنی مووشەکێکی "ماهوارەهەڵگر" شکستی هێنا، ڕاگەیەندرا.

لەم پەیوەندییەدا "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، جەختی کردەوە: "واشنتۆن ئیجازە بە ڕێژیمی ئێران نادات کە لە بەرنامە فەزاییەکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی مووشکی بالستیک کەڵک وەربگرێت".

بەم پێیە، ئەو کەسانەی کە ڕەگەزنامەی ئامریکایان هەیە یان لەو وڵاتەدا نیشتەجێن، لە ئەگەری ئەوەی کە پەیوەندییان لەگەڵ بەرنامەی فەزایی ئێراندا هەبێت، بە تاوانبار دەناسرێن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەزایی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا، وەکوو یەکێک لە لقەکانی توێژینەوەی فەزایی، لە بوارەکانی: "موخابەراتی فەزایی، زانست و دۆزینەوەی فەزایی"،  دەستی بە کار کردووە.

ئامریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتی ئامریکا دژ بە چەکی ناوکی و دروستکردنی مووشەکی بالستیکیی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێتەوە و گەمارۆی زیاتر دەخاتە سەر ئێران.