کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و بریتانیا دژی ڕێژیمی ئێران ڕێک کەوتن

12:12 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لە چاوپێککەوتنێک لەگەڵ یەکتردا، دژی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەوەی ڕێک کەوتن، کە نابێت ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ لە دیدار لەگەڵ تێرزامەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا باسی لەوە کردووە، کە نابێت ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

هاوکات ترامپ داوای لە سەرۆکوەزیرانی بریتانیا کردووە، کە دەبێ گوشارێکی زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بێنێت.

ترامپ هەروەها باسی لەوە کردووە، کە بە مەبەستی پێشگرتن لە پەرەپێدان به چەکی ناوکی، لە لایەن ڕێژیمی ئێران و کورەی باکوور، لەگەڵ تێرزامەی ڕێک کەوتووین.

لەو چاوپێککەوتنەدا، سەرۆکی ئامریکا و سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لەسەر ئەوەی کە دەبێ هاوکارییەکانیان لە دژی ڕێژیمی ئێران چڕتر بکەنەوە، ڕێک کەوتوون.

ماوەیەک پێش "سیگاڵ مێندلکێر"، جێگری وەزیری خەزینەداریی ئامریکا لە کاروباری تێرۆریزم و زانیاریی ماڵیی بە وڵاتان و کۆمپانیاکان، هۆشداریی بە وڵاتانی جیهان دا و ناوی چەند هێڵی فڕۆکەوانیی ڕێژیمی ئێران هێناوە، کە گەمارۆی ئابوورییان بەسەردا پەسەند کراوە و باسی لەوەی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ هاوکارییان بکرێت.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، داوای لە هاوپەیمانانی ئامریکا، کۆمپانیا بەشەکۆوەکان و کەرتی تایبەت کرد، هەموو هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هیچ مامەڵەیەک سوودمەند نەبێت.

دوای ئەوەی که سەرۆکی ئامریکا، دانڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوکیی بەرجام کشایەوە، سزای ئابووری بەسەر ڕێژیمی تاراندا سەپێندرا، کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندین کۆمپانیا و بانکی بیانی لە ئێراندا چوونەتە دەرەوە.