کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و ئیسرائیل تیمێکی هاوبەش دژی ڕێژیمی ئێران دروست دەکەن

12:12 - 28 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی و ئیسرائیلی بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێری زیاتر بەسەر گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران تیمێکی هاوبەش دروست دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراوە، تیمێکی هاوبەشیان دروست کردووە و ئەو دوو دەوڵەتە فشاری زیاتر دەخەنە سەر ڕێژیمی ئێران.

ئامانج لە دروستکردنی کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە وڵاتانی جیهان لەگەڵ ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی کە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکرێتەوە، ئاگادار بکەنەوە.

ئەو کۆمیتە هاوبەشە لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل لە ئامریکا دامەزراوە.

ئامریکا و ئیسرائیل پێشتریش لەبارەی چاودێری بەسەر گەمارۆکان کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراوە هاوکارییان کردووە. لەو بارەیەوە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیشدا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە کارگرووپێکی هاوبەش بۆ چاودێری لە سەر گەمارۆ ئابوورییەکان کە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون پێکهات.

هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو لە واشینگتۆنەوە ڕایگەیاند، پرۆژە یاسایەک لە ئایپەک دەیهەوێ گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر سیستمی دارایی نێونەتەوەیی كۆمپانیا ئێرانی و بیانییەكانی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەكیی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو بانكانەی كە هاوكارییان دەكەن. كەسانی پێوەندیدار بە بەرنامەی مووشەكیی بالێستیكی كۆماری ئیسلامی و هاوبەشە بازرگانییەكانیشیان گەمارۆیان دەخرێتە سەر.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس، شیرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە لەلایەن ئامریکاوە دەستنیشان و سزا دراون.