کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بەهێزتر دەکات

12:33 - 25 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی قەتەر ڕایگەیاند کە ئامریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بەهێزتر دەکات.

مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە درێژی گەشتە سیاسییەکەی خۆیدا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی بەفرانبار، لە "دۆحە"ـی پێتەختی وڵاتی قەتەر لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە و پرێسکۆنفرانسێکی ڕایگەیاند: ئامریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بەهێزتر دەکات، بڕیار وایە بەم هۆیەوە بنکەی ئاسمانی هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی قەتەر پەرەی پێ بدەدرێت.

بنکەی ئاسمانی "ئەلعەدید"ـی ئامریکا لە باکووری "دۆحە"ـی وڵاتی قەتەردایە کە گرینگترین بنکەی سەربازیی ئامریکایە لە ناوچەکە و ١٣ هەزار پێرسۆنێلی سەرباز و بەرپرسی ئەمریکایی تێدا جێگیر کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئامریکا گرینگترین و چڕترین هێرشە ئاسمانییەکانی خۆیان بۆ سەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە بە تایبەت گرووپی ترۆریستی داعش لە سووریە و عێراق، لەو بنکەیەوە ئەنجام داوە.

مایک پۆمپێئۆ، لە بەشێکی قسەکانیدا جەختی لە سەر یەکڕیزیی نێوان وڵاتانی کەناری کەنداو کرد و بەبۆنەی گەمارۆکانی عەربستانی سعوودی بۆ سەر وڵاتی قەتەر، ڕەخنەی لە عەرەبستان گرت و ڕایگەیاند: "پێکهاتنێکی زۆر باش لە نێوان هەردوو وڵاتی قەتەر و ئەمریکا هاتووەتە ئاراوە، ئێمە تەنیا کاتیک بەهێز دەبین کە پێکەوە هاوکاریمان هەبێت".

نزیک بە دوو ساڵە کە ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی و هاوپەیمانانی عەرەبی، بەبۆنەی لایەنگری قەتەر لە ڕێژیمی ئێران و پێوەندیی نێوان بەرپرسانی قەتەر و ڕێژیمی ئێران، پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماتیکەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتی قەتەردا پچڕاندووە و قەتەر بە هاوکاری تیرۆریزم دەزانن.