کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پەیکەری پێشمەرگە لە وڵاتی خۆیدا دادەنێت

09:47 - 14 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە قارەمانییەتی پێشمەرگە و خەباتی و تێکۆشانی؛ بڕیارە لە شاری نیویۆرکی ئامریکا پەیکەری پێشمەرگە دابنرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیدا، وەک وەفایەک بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا، بڕیارە لە نیویۆرک شارەوانیی ئەو شارە ڕێگە بە دانانی پەیکەرێکی پێشمەرگە بدات.

"بێرنارد هێنری لێڤی"، بیرمەند و فەیلەسووفی فەرانسەوی لەوبارەەیوە گوتوویەتی: ''یەکێک لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەمان دانانی پەیکەرێکە لە یەکێک لە مەیدانەکانی شاری نیویۆرک، بۆ بەرزڕاگرتن و ڕێزلێنان لەو پێشمەرگانەی لەپێناو ڕۆژئاوا، ئامریکا و ئورووپا گیانیان لەدەست دا".

لەو کۆنفڕانسەدا، پرسی گشتپرسیی سەربەخۆیی باشووری کوردستان و ڕەوشی ناوچەکە تاوتوێ کرا کە  ژمارەیەک بیرمەند، پسپۆر و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامادەی کۆنفڕانسەکە بوون.

"تۆماس کاپڵان" یەکێک لە میلیاردێرەکانی ئامریکا، داوای کرد ئامریکا پشتی کورد بەرنەدات و دەشڵێت، سەربەخۆیی کوردستان لە بەرژەوەندی ئامریکا دەبێت.

پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە بۆ خەباتکارانی نیشتمان بەکار دەهێنرێت. وشەکە بە مانای "ئەوانەی کە مەرگی خۆیان پێش ھەموو شتێک خستووە لە پێناو پاراستنی نیشتیمان" دێت و ناوێکە کە تەنیا داتاشراوی فەرهەنگ و زمانی کوردییە و لە هیچ  زمان و فەرهەنگێکی دیکەی جیهان وەرنەگیراوە.

ئەم ناوە بۆ یەکەمین جار لە کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ بەکارهاتووە.