کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەند شیرکەت و شارۆمەندی چینیی تەحریم کرد

11:27 - 4 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕاگەیاند کە چەند شیرکەت و شارۆمەندی چینیی بەهۆی بازرگانیی نەوتی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، تەحریم کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەزبەر، چەند شیرکەتی چینی و بەڕێوەبەرەکانیی بەهۆی ئەوەی کە بە شێوەی ئاگایانە نەوتیان لە ئێرانەوە ڕاگواستووە و گەمارۆکانی ئامریکایان پێشێل کردووە، تەحریم کرد.

شیرکەتی نەوتی ''کۆنکورد''، شیرکەتی کەشتیڕانیی ''کاسکۆ''، ''کونلون''  و''پگاسوس ٨٨''  و هەروەها چەند کەسیش لەم پەیوەندییەدا، لە لایەن ئامریکاوە تەحریم کراون.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە پەراوێزی دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند: "واشنتۆن هەوڵەکانی خۆی پەرە پێدەدات تاکوو وڵاتان ئاگاداری مەترسییەکانی هاوکاری لەگەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە.

لە لایەکی ترەوە لە ویلایەتی ''مینێ سووتا''، ژنێکی ئێرانی بە ناوی ''نیگار قودسی"، بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئامریکا و هەروەها چونکە لە فرۆشتنی فەناوەرییەکانی ئامریکا بە ئێران ڕۆلی هەبووە، لە لایەن دادگاوە بە ٢٧مانگ زیندانی محکووم کرا.

دادستانیی ئامریکا وتوویەتی: "نیگار قودسی لەگەڵ هاوکارەکانی خۆی لە شیرکەتی مەوجی سەبز، کە لە وڵاتی مالێزی تۆمار کرابوو، کەلوپەلی بڵاوکردنەوەی تەلویزیۆنی و موخابراتیی بێسیم لە ویلایەتی مینێ سووتا و ماساچۆست کڕیوە و بە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێرانی فرۆشتووە".