کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کۆماری ئیسلامی بەئاشکرا بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەت پێشێل دەکات

11:15 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ئاخاوتنێکی تایبەتدا جارێکی تر باسی لە مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند: تاران بە ئاشکرا بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات و تاقمە تێرۆریستییەکان پڕچەک دەکات.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، پۆمپێئۆ لە ئاخاوتنێکدا لە دامەزراوەی مارشاڵ لە بروکسێل ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی پاش بەرجام، بۆ کۆمەڵگای جیهانی نەگەڕایەوە و ئەو پارەی کە لەم بوارەدا وەدەستی کەوت ڕادەستی گرووپ و تاقمە تێرۆریستییەکانی کرد".

ناوبراو وتوویەتی: "ڕێژیمی تاران شارۆمەندانی ئامریکایی بە بارمتە گرتووە، بە ئاشکرا بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنیەتی پێشێل کردووە، سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی درۆ دەکات، بەردەوام هەوڵی دەورلێدانەوەی تەحریمەکان دەدات و لە نوێترین نموونەشدا بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنیەتی بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی پێشێل کردووە".

ئەم ئاخاوتنەی پۆمپێئۆ دوابەدوای دانیشتنی شۆرای ئەمنیەت سەبارەت بە تاوتوێ کردنی بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی هاتنە ئاراوە کە تێیدا نیکی هیلی نوێنەری ئامریکا لەم شۆرا، باسی لە مەترسیداربوونی تاقیکارییە مووشەکییەکانی تاران کردووە و وتوویەتی: دوور لە چاوەڕوانی نەبوو کە ئێران کارێکی لەم شێوەیە بکات.

وتوویشیەتی: کۆمەڵگەی جیهانی نابێ لە ئاست پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ بێت و دەبێ ئەم پێشێلکارییانەی تاران یەکدەنگ و هاوهەڵوێست مەحکووم بکرێت و دژکردەوەی شیاوی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

هاوکات دەوڵەتی ئامریکا بڕیاری داوە ناوگرووپێکی فڕۆکەهەڵگری خۆی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ئاوەکانی کەنداو جێگیر بکات؛ بە پێی دوایین هەواڵەکان ناوی فڕۆکەهەڵگری "یوئێس‌ئێس جان سی. ستێنیس" و کەشتییە سەربازییەکانی هاوڕێی تا کۆتایی ئەم حەوتووە لە کەنداودا جێگیر دەبن.