کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گرووپە تێرۆریستییەکانی تەحریم کرد

13:14 - 20 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی داینابوو، ناوی ٢١ کەس و چەندین ناوەندی کە لە لیستی ڕەشی خۆیدا دایناون، بڵاو کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی خەرمانان، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا و "ئستیڤێن مێنووشێن"، وەزیری خەزێنەداریی ئەو وڵاتە لە دانیشتنێکی هەواڵیدا ڕایانگەیاندووە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، گەمارۆگەلێکی نوێی لەسەر "گرووپە تێرۆریستییەکان" داناوە.

"مێنووشێن"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا وتوویەتی: "ئەو گەمارۆوانە ١٥ کەس لە سەرکردەکانی هێزەکانی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و ئەلقاعدەی وەبەر خۆی داوە".

"محەممەد سەعید ئیزەدی"، نوێنەری سپای قودسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لوبنان و "زاهێر جەبارییان"، گرێدەری ماڵیی نێوان ڕێژیمی ئێران و حەماس کە لە ئێستادا لە تورکیەدا دەژیت، لەو لیستەیەدا دەبیندرێن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا هەروەها، سەڕافییەکی تورکیەی بە تۆمەتی یارمەتیدان بە جێبەجیکردنی چەندین ملیۆن دۆلار پارە، لە ئێرانەوە بۆ گرووپی تیرۆریستیی حەماس تەحریم کردووە.

پۆمپێئۆ وتوویەتی: "گەمارۆوە نوێیەکان، پێش بە دانوستاندنە داراییەکانی گرووپە تێرۆریستییەکان دەگرێت".

هەر لەو پێوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو ئامریکا تۆڕێکی بەربڵاوی کە بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دامەزرابوو، لە لیستەی ڕەشی خۆی دانا.

لەو لیستەیەدا ناوی چەندین شیرکەت و کەسانێک لە ئیمارات، سەنگاپوور، هۆنگ کۆنگ، ئێران، هیند، سووریە و لووبنان، دەبیندرا.