کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران دەبێ کۆتایی بە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا بهێنێت

11:11 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا باسی لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆیی عێراق کردووە و پاش رێتویت کردنی لەلایەن باڵوێزخانەی ئامریکا لە عێراق وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئێعترازی دەربڕی.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا کۆمەڵێک تویتی سەبارەت بە گەڕانەوەی تەحریمەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و نەخشی ڕووخێنەری تاران لە ناوچە و دەستێوەردانەکانیان لە عێراق بڵاو کردەوە کە دواتر لەلایەن باڵوێزخانەی ئامریکا لە عێراق ڕێتویت کرایەوە.

لە تویتی ئاماژەبۆکراودا هاتبوو: حکومەتی ئێران دەبێ ڕێز بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتی عێراق دابنێت و هەوڵ بدات بۆ چەک کردن و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکانی وەک حەشدی شەعبی.

ئەم تویت و ڕێتویت کردنە ناڕەزایەتی و ئێعترازی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی لێکەوتەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنەیان لە ئامریکا گرت و داوایان لە باڵوێزخانەی ئامریکا کرد کە بە زووترین کات تویتەکەی بسڕێتەوە.

پێشتریش لە بەهاری ئەمساڵدا وەزیری دەرەوەی ئامریکا ١٢ مەرجی بۆ ئێران دانابوو کە ئەگەر جێبەجێیان بکات ئەوا دانیشتنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی شیاو دەست پێبکەن؛ یەکێک لەو مەرجانە بریتی بوو لە ڕێزدانانی تاران بۆ سەروەرییەکانی دەوڵەت و وڵاتی عێراق و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.

لەلایەکی دیکەشەوە جەیمز مەتیس وەزیری بەرگری ئامریکا لە ئاخاوتنێکدا سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و ڕۆڵی تاران لە ئاریشەکانی عێراقدا قسەی کرد و وتی: پێویستە هیزە عێراقییەکان بار بهێنین تاکوو بتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن و چیدیکە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ کەڵکاژۆیان لێوەرگرێت.