کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوات ساروج: شاردنه‌وه‌ی ئاماری تووشبووان به‌م ڤایرۆسه‌ له‌ ئێران له‌لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌ بۆ فریودان و خۆڵ لەچاوی خەڵک‌کردنە

11:10 - 10 رەشەمه 2719

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ڤایرۆسی کۆرۆنا که‌ ‌ نزیکه‌ی دوو مانگ له‌مه‌وپێش له‌ وڵاتی چین سه‌ری هه‌ڵدا و بۆ چه‌ندین وڵاتی دیکه‌ ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند و به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ ٢٥٠٠ که‌س بوونه‌ته‌ قوربانی، به‌م هۆیه‌وه‌‌ و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان هاتوچۆیان له‌گه‌ڵ وڵاتی چین ڕاگرت. به‌ڵام ڕێژیمی ئێران هاتوچۆیه‌کانی بۆ وڵاتی چین هه‌تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ماوە کورتەدا گەیشتە ئێران و توانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئیراندا تەشەنە بستێنێت و خەڵکانێکی زۆر بەو ڤایرۆسە تووش بکات، کەچی بەرپرسانی ڕێژیم هەتاکوو ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە بە ئاشکرا خۆیان لەو ڕاستییە دەدزییەوە و لە هەر چەشنە گومانێک خۆیان دەبوارد و ڕاستییەکانیان ده‌شارده‌وه‌ و هیچ هەوڵێکی جییدی  بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ره‌چاو نه‌کراوه‌.

له‌م وتووێژه‌دا له‌گه‌ڵ به‌رێز دوکتور'' ئاوات ساروج'' ئه‌ندامی ناوه‌ندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هۆکاری بڵاو بوونه‌وه‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌ ئێران، هه‌وڵه‌کانی ڕێژیم، چه‌واشه‌کارییه‌کانی ڕێژیم، دۆ‌خی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ژیانی خه‌ڵک له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ده‌خینه‌ به‌ر باس که‌ سه‌رنجتانی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕاده‌کێشین.

١.هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

هۆی سەرەکی گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دوو خاڵە : یەکەم شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر کە سەر بە سپای پاسدارانە کە ئەم شیرکەتە لە ئیسفەهانەوە ڕۆژانە بە شێوەی بەردەوام لە هاتوچۆی وڵاتی چین بووە ودوای کەشف و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس لە پارێزگای ڤوهانی چین ، یەکەم مەوردی تووشبوو بە ئەم ڤایرۆسە کارمەندێکی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر لە ئیسفەهان بوو .دووهەم هەبوونی تەلەبەی چینی لە حەوزەی عیلمییەی قوم و کڕێکاری چینی لەم ئۆستانە کە دووای تووشبوونی زۆر کەس لە ڤوهانی چین ، ئەم کەسانە وەک مسافیر لە هاتوچۆدابوونە و ئەگەری زۆری هەیە کە ئەم ڤایرۆسە بە شێوەی بەربڵاو لە ڕێگای ئەمانەوە بە شارە مەزهەبییەکانی ئێران وەک مەشهەد و قوم گەیشتووبێت، بەتایبەت بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا ڤیرۆس (ڤیرۆو کوئید ١٩)کە لەسەرەتادا نیشانەکانی وەک هەڵامەتە و نەناسراوبوونی  ئەم چەشنە نەخۆشییە (کۆرۆنا ڤیرۆس )لە ئێران، ئەمەش خۆی هۆکارێک بووە کە کەمتر بیرلە تەشخیس و تێست و پێشگیری لە نەخۆشی بکرێتەوە!

دەبینین کە سەرچاوەی ئەم نەخۆشییە لە ئێران شاری  قوم بووە و بە شێوەیەک بەرفراوان پێرسۆنێلی نەخۆشخانە، کەسانێک لە حەوزەی علیمییەی قوم و بازاڕیان کە لەگەڵ تووشبواندا لە پێوەندیدا بوونە، تووشی ئەم نەخۆشییە بوونه. کە چی ئێستا زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و هەتا کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش گرتووەتەوە. هۆی سەرەکی تووشبوونیش دەگەڕێتەوە بۆ مسافیرەتی شەخسی و دواتر پێوەندیی تووشبوو لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا!

لە حاڵەتی یەکەم تووشبوو هەتا ئێستا لە ئێران، خودی ڕێژیم ڕۆژانە باسی دەکات و دەگوترێ کە  تیمی پزشکی لە هەموو پارێزگاکاندا حوزوریان هەیە و لە هەر پارێزگایه‌ک یەک یا چەند نەخۆشخانە بۆ تێستی نەخۆشی لە کەسانی گومانلێکراو هەروەها نەخۆشخانەی تایبەتیش بۆ قەرەنتینە ئامادە کراوە؛ بەڵام کۆماری ئیسلامی هێشتا نەیتوانیوە لە ژمارەی تووشبووان وەک چارەسەری و دەربازبوون لەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئیمکانات و ئامادە نەبوونی ڕێژیم بۆ تووشبوونی خەڵک بە ئەم نەخۆشییە، ئەمەش لە حاڵیکدایە کە لە ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانەوە بە قسەی خۆدی بەرپرسانی ڕێژیم ئامادەکاریی بۆ پشتگیری و ئیمکاناتی تەدبیری بۆ هاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ ئێران کراوە کە چی بەداخەوە لە سەراسەری ئێران و کوردستان ڕۆژبە ڕۆژ ئەم ڤایرۆسە ئپیدمییە لە پەرەسەندندایەو گیانی قوربانیانی خۆی دەگرێت!

۲. کاربەدەستانی رێژیمی ئێران هەتا چەندە مەترسیی ئەم قەیرانەیان هەست پێکردووە و هیچ هەنگاوێکی جیددیان بۆ کۆنتڕۆڵی ئەم نەخۆشییە هەڵگرتووە؟

دیارە بە قسەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم وەک ''بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەری  نەخۆشیەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران''، لە سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانەوە، ئامادەگییان بۆ پێشگیری وڕووبەڕووبوونەوەیان بە ئەم ڤایرۆسەیان هەبووە و ئیمکاناتی پێویستیش بۆی تەرخان کراوە کە چی دەبینین لە چەندین پارێزگا و بە موشەخەسی لە قوم، تاران، گیلان و مەشهەد، زۆرترین تووشبوو بە ئەم نەخۆشییە هەیە و هەتا ئیستا نەک کۆنتڕۆڵ نەکراوە بەڵکو ڕۆژانە ئاماری تووشبووان و قوربانیانی ئەم نەخۆشییە لە هەڵکشاندایە و ڕێژیمیش هێشتا نەیتوانییوە بە هانای خەڵکەوە بچێت و ژمارەی خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش کە تووشی کۆرۆنا ڤایرۆس بوونە ڕۆژانە زیاد دەکات. لێرەدا ئەگەری ئەوەش هەیە کە تووشبوونی بەرپرسانی ڕێژیم بە ئەم نەخۆشییە ڕاست نەبێت و تەنها بۆ جەوسازی و ئاسایی بینینی کۆرۆنا وەک هەر نەخۆشییەکی دیکەی ڤایرۆسی و بگرە کەم زۆرترنیشاندانی ئەم ڤایرۆسە بێت، کە چی تووشی بووی بە کۆرۆنا، تووشی تەنەگە نەفەسیی قورس، بێ‌هێزی، کۆخەی بێزارکەر، تای بەرزو ....دەبێت و دەبێ  تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ دیسترسی هەناسەکیشانی توندیان هەبێ،  زۆربەیان ئینتۆبە دەکرن و وەسڵ بە ونتیلاتۆر دەبن بەڵام دەبینین کەسانیک لە بەرپرسانی ڕێژیم و لە ئاستی سەرەوە کە بە قەول تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە لە کاتی لێدوان و بڵاوبوونەوەی فیلمەکانیان زۆرکەمتر نشانەی تووشبوونی کۆرۆنایان پێوە دیارە!

هەتا ئێستا بۆ پێشگیری، خزمەتگوزاریی دەرمانی، قەرەنتینە و .....وەک لە هەڵکشانی ڕۆژانەی ڕێژەی تووشبوواندا دیارە، هیچ هەنگاویکی جیددی و بەرچاو نەگیراوە و وادەبیندرێت کە ڕێژیم تەنانەت لەم چەشنە حاڵەتەدا کە وەک قەیرانێکی جیددی و ئێپیدمی دەێتە بەرچاو، گیانی خەڵکەکەی بۆی گرینگ نییە و هێشتا فڕێنی بەرەو چین و هاتوچۆی ڕۆژانەی فڕۆکەوانیی ماهان ئەیر....وەک یارمەتیی مرۆڤدوستانە ناو دەبات و ئاگای لە شلەژان، کیشەی ڕوحی ،سایکۆلوژی و لەناوچوونی خەڵک نییە و ئەگەریش هەبێت بۆی گرینگ نیە!

۳. لەبارەی ڕێژەی تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە لە ئێران چەندین ئاماری پێک ناکۆک بڵاو بووتەوە، ڕێژیمی ئێران ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە ناخاتەڕوو، هۆکاری ئەم شاردنەوەیەی ڕێژیم چییە؟

بەداخەوە هەر وەک پێشتر باسکرا ئەم نەخۆشیە پتر لە مانگێک دەبێ کە لە ئێران بەگشتی بڵاو بووەتەوە و دەبینین لە وڵاتانی دراوسێ زۆر کەس کە تووش بوونە لەم یەک مانگەدا هاتوچۆی ئێرانیان کردووە و ئێستا کە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بوونە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانەوەیان لە ئێراندا، کە چی ئێستا ئەگەر هەر بە ڕاستی خەڵکی قوم، خوراسان، تاران و چەندین پارێزگای دیکە کە لەگەڵ دوو ناوه‌ندی مەزهەبیدا (مەشهەد و قوم ) کە وەک زیارەتچی پێوەندییان هەبووبێت، تێستی کۆرۆنا ڤایرۆس بگرن، ڕەنگە ڕێژەی تووشبووان زۆر زیاتر لە ئەم ئامارانە بێت کە ڕۆژانە ڕێژیم بڵاوی دەکاتەوە. دەکرێ وابڵێین کە ڕێژیم بە ئەنقەست ئاماری ڕاستەقینە بڵاو ناکاتەوە کە بە قەوڵ خەڵک کەمتر تووشی کێشەی سایکۆلوژی، ترس، دڵەڕاوکی و شڵەژان بن وهەروەها بۆ داپۆشینی کیشەی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی – دەرمانی ،قەیرانی ئابوری و تەنانەت پرسی سیاسیی ڕێژیم و گەمارۆ ئابوورییەکانی پەسندکراو و گرتنی ژێستێکی نمایشی بۆ خەڵک و ڕوو لە دنیای دەروەش بێت کە هەموو ئەم نەهێنی کاریانە بۆ فریودان و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە هەتا شکست و لێنەهاتوویی خۆی لە بەرانبەری قەیرانەکاندا بە زانیاری درو و ئاماری پێک ناکۆک سەبارەت بە ئەم نەخۆشییە و تووشبووانیدا ،دابپۆشێنرێت.

۴. لە پێوندی لەگەڵ بڵاوبوونەوی ئە  ڤایروسە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە چ دۆخێکدایە ؟

بەداخەوە لە چەند پارێزگا و شاری ڕۆژهەڵاتیش ئەم ڤایرۆسە بڵاو بووەتەوە و ڕێژەی گومان لێکراوان، تووشبووان و تەنانەت قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە لە کرماشان، سنە، ورمێ، سەقز، لورستان و ....کەم نیێن و هیچ ئیمکاناتیکیش بۆ پێشگیریی نەخۆشی و قەرەنتینەکردنی تووش بووان نیەو تێستی نەخۆشەکان دەبێ لە تاران وڵامی بگەڕێتەوە وئەمەش وەک بە شێوەیەکی ڕووتین و بێ ئیمکانات  قەرەنتینە کردنی گومان لێکراوان بە ئەم ڤایرۆسە دڵەڕاوکی، ترس و شەڕیکی ڕەوانی لەنێو خەڵکدا ساز کردووە و بە هۆی نەبوونی هیچ چەشنە ئیمکاناتیکی دەرمانی و نەخۆشخانەیەکی تایبەت و تەیار بۆ قەرەنتینەکردنی نەخۆش، ئەگەری تووش بوونی زۆر کەس بە ئەم ڤایرۆسە لە ڕۆژهەڵاتیش هەیە. وەک نموونە لە پارێزگای نزیک بە دوو ملیۆن حەشیمەتیی کرماشان، تەنیا بەشیک لە نەخۆشخانەی "ئیمام ڕەزا" بۆ قەرەنتینەی نەخۆشەکانی تووشبوو بە کۆرۆنا تەرخان کراوە کە دەگوترێ بە گشتی جێگا بۆ سەد کەسی هەیە کە چی بە پێچەوانەی ئامارەکانی ڕێژیم، ئامارە نافەرمیەکان ڕێژەی زیاتری گومان‌لێکراو و تووشبووان بڵاو دەکەنەوە و ئەگەر ئەم ڕێژە ڕاست بێت لە داهاتوودا قەیرانی جێگە و قەرەنتینەکردن و ڕوو لە زیادبوونی تووشبووان چاوەڕوان دەکرێت و ئەوکات ئیتر کۆنتڕۆڵی قەیرانیش ناکرێت و بەداخەوە تەنیا خەڵک زەرەرمەندی سەرەکی دەبن.

۵. بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لە سەر ژیانی خەڵک بووە و خەڵک دەبێ چەندە نیگەرانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بن؟

بە گشتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە سەر ژیانی خەڵک لە سەر ڕوحیە و باری سایکۆلوژیی کۆمەڵگە باندووری نەرێنیی زۆری هەیە و لە نەبوونی ئیمکاناتی پێشگرتن، دەرمانی و ناشاڕەزایی لە ناسینی ئەم نەخۆشییە خۆی کێشە خۆڵقێنە کە دەبێ زانیاری بە خەڵک بدرێت چۆن ئەم نەخۆشییە وەک هەر نەخۆشییەکی دیکە(ڤایرۆسی) کەم تا فرە خەسار و قوربانی خۆی هەیە بەڵام ڕێگە بۆ پێشگیری و خۆپاراستن  یەکجار زۆرە و دەکرێ ڕۆژانە بە ڕێنمایی دروست و زانستی، لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا کەم بکرێتەوە و هەر چەندە ئەم چەشنە ڤایرۆسە، هەتا ئیستا  واکسەن، دەرمان و چارەسەریی بۆی نەدۆزراوەتەوە بەڵام بەرفراوانی ڕێگای پێشگیری زور هەیە و لە بواری پزشکی و پاک وخاوێنیدا دەکرێ بە جێبەجێ‌کردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان نەهێڵین ئەم ڤایرۆسە ببێتە مێوانی کەس. خەڵکیش دەبێ بە دوور لە ترس، دڵەڕاوکی و شەڕی ڕەوانی کە بەداخەوە سازکراوە، زووبەزوو زانیاری بۆ خۆپاراستن وەرگرن و بە جیددی وەرگرتنی نەخۆشی، خۆی دەتوانێ هاندەر بێت بۆ خۆپاراستن و دوور کەوتنەوە لەم ڤایرۆسە .