کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی شاری سەقز خاوێن نییە

17:32 - 27 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی پیسی و ناستانداربوونی ئاوی سەقز نەخۆشیگەلی عفوونیی جۆراوجۆر هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵکی ئەو شارە دەکات و چەندین هاووڵاتیش نەخۆش بوونه .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، بە هۆی پیسیی ئاوی خواردنەوە لە  شاری سەقز، خەڵکی ئەو شارە تووشی نەخۆشی بوونە. 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سەقز بە درێژایی چەندین ساڵ لە مەڕ ئەم بابەتە هەستیارە، کەمتەرخەمی پیشان دەدەن .

سەرەڕای ئەوە کە کوردستان بە گشتی و سەقز بەتایبەتی سەرچاوەی ئاوی خاوێن و کانیاوی ئاوی شیرینیی زۆرە، بەڵام خەڵکی شاری سەقز لەم نێعمەتە سروشتیە بێبەش دەکرێن .

ڕێژیم لە ڕێگای بەنداوی " لەگزی " و " چراوەیس " ئاوی شیرین و خاوێنی شاری سەقز بۆ شارەکانی دیکەی ئێران دەگوازێتەوە .

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بە هۆی خراپی و نەبوونی ئیمکانات و تیکنۆلۆژی سەردەمیانە پاڵاوتەکردنی ئاوی خواردن لەم شارەدا لە بێ کەیفییەترین حاڵەتی خۆی دایە . هەر بۆیە زۆربەی کاتەکان ئاوی لێڵ یان ڕەنگ زەرد لە شێرەی ئاوی ماڵەکان بە هاووڵاتیانی ئەم شارە بە نرخێکی زۆر گران کە بەردەوام نرخەکەی لە گرانتر بوونیشدایە؛ دەفرۆشرێت .

دوکتورەکانی شاری سەقز زۆربەی جار بە نەخۆشەکان دەڵێن دەبێت هەمیشە ئاوی خواردنی سەقز پاشی کوڵاندن و ساردبوونەوە بەکار بهێنرێت. ئەم ئاوە هۆکاری زۆر نەخۆشینی وەک عفوونەتی گەدە، بەردی گورچیلە، عفوونەتی مەسانە و گورچیلە و هتد .

خەڵکی گەرەکەکانی ''نەشمیلان ، سیلۆ ، ناوبازاڕ ، حەماڵاوا'' لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دیسان شایەتیی ئاوی خراپ و غەیری بێهداشتی بوون کە لە شێرەی ماڵەکانیان دەهاتە دەرەوە .

هەتا ئێستاش ئیدارەی بێهداشت و دەرمانی سەقز جگە لە زیادکردنی کولۆر بەم ئاوە هیچ ڕێگا چارەیەکی نەگرتووەتە بەر. جگە لەوەش بە هۆکاری ئەمنییەتی و بە دەستوری ڕاستەوخۆی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەم شارە ئیزن نادرێ هەتا بیروڕای گشتی لێی ئاگادار بکرێتەوە.