کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی گوندێکی مەهاباد ژەهراوی بوو

10:44 - 4 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا:  بەهۆی ژەهراویبوونی ئاوی خواردنەوەی گوندی دریازی مەهاباد ١٠٠ کەس نەخۆش کەوتن و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی گوندی دریاز، سەر بە شاری مەهاباد ١٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ئاوی ئەو گوندە لە چەندین کانی و چاڵاوی قووڵ دابین دەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە ئاوەکە پیس ببووبێت.

لە دوای ئەو ڕووداوە، خەڵکی گوندی دریاز ئاگادار کراونەتەوە کە نابێت کەڵک لەو ئاوە وەربگرن و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە تانکەری ئاو، ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەن.

زۆربەی گوندەکانی کوردستان ئەگەرچی ئاوی لوولەکێشیان هەیە، بەڵام سەرچاوەی ئاوەکانیان سرووشتییه و بە شێوەی ستاندارد ئاوی خواردنەوەی گوندەکان دابین نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە ئێران قەیرانی ئاوی خواردنەوەی هەیە و ڕێژیمی ئێران ئاوی کوردستان بۆ شارە ناوەندییەکانی ئێران دەگوازێتەوە و زۆربەی گوندەکانی کوردستانیش له ئاوی  لوولەکێشی بێبەشن.

چوونەسەری ٦ لەسەدی گەرمی هەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینی باران، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان بەڕێژەی ٥٠%، ڕێگری کردن لە پڕبوونەوەی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و دەیان هۆکاری دیکە دەری دەخەن کە ئێران لە سنووری قەیران تێپەڕیوە و تا ماوەیەکیتر قەیرانی مرۆیی ڕوو دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٥٧ بەنداوی ئێران، ئاویان تێدا نەماوە و ڕێژەی ئاوانەی کە دەڕژێنە ناو بەنداوەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٥ لەسەد کەم بووەتەوە.