کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی زۆربەی بەنداوەکانی ئێران لە ڕادەبەدەر کەمی کردووە

12:29 - 15 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: زۆرینەی بەنداوەکانی ئێران، لە ئەمساڵدا تەنیا ٤٠ لەسەد پاشەکەوتی ئاویان هەیە.

وەزارەتی وزەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، بە هۆی نەبارینی بەفر و باران له ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، لە کۆی گشتیی بەنداوەکانی ئێران، ٦٦ بەنداو تەنیا ٤٠ لەسەد پاشەکەوتی ئاویان هەیە و به بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٢٨ لەسەد پاشەکەوتی ئاویان کەم بووەتەوە.

لە بەنداوە گەورەکانی ئێراندا لە ناوچەکانی تاران، مازەندەران، فارس، ورمێ، فەلاتی ناوەندیی ئێران، هاموون و سەرەخس، پاشەکەوتی ئاوی بەنداوەکانیان، ١٩ تا ٢٨ لەسەد کەمی کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، عەلی ئەکبەری، ئەندامی کۆمسیۆنی وەرزێری مەجلیسی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە ١١ تاڵاوی پارێزگای فارس وشکبوونە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە هۆکاری وشکبوونی ٧٠ لەسەدی تاڵاوەکانی ئێران و لەنێوچوونی ٥٠ لەسەدی ژینگەی ئێران بە هۆی دەستێوەردانەکانی مرۆڤە.

کەمبوونەوی ئاوی بەنداوەکان، کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێراندا داناوە و ٥٧ لەسەدی بەرهەمهێنانی کارەبا به بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم بووەتەوە.

ناوچەکانی ناوەندیی ئێران لە بواری پاشەکەوتی ئاوی ژێرزەوینی و ڕووزەوینی، تووشی قەیرانی کەمئاوی بوونە و ڕێژیمی ئێرانیش، بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە، بە گواستنەوەی ئاو و بەنداوسازی خەریکە ناوچەکانی دیکەی ئێران وەکوو کوردستان و باکووری ئێران، تووشی قەیران دەکات.